کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیم، باس لە بەرزبوونەوەی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەری گوڵ، لە پارێزگای سنە دەکەن.
سەلیم کەریمی، بەرپرسی شۆرای هەماهەنگیی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مادەی هۆشبەری پارێزگای سنە، لە دانیشتنێکدا باسی لە گۆڕینی مادەی هۆشبەر لە پارێزگای سنەدا کرد و ڕایگەیاند: زۆرترین مادەی هۆشبەری بەکارهاتوو لەم پارێزگایە تریاک بووە و هەروەها مادەی هۆشبەری گوڵ بەرزترین ئاستی چوونەسەرەوەی هەبووە.
ناوبراو بە ئاماژەکردن بە نێوەنجیی تەمەنی بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر، کە لە ئێران ٢١ ساڵە لە پارێزگای سنەدا ٢٣ ساڵە و لەم بارەوە وتی: شاری سنە لە ڕیزبەندەی گیرۆدەبووان بە مادەی هۆشبەر لە پلەی ٣٢هەمی ئێراندایە و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەری گوڵ، بە شێوەیەکی خێرا لە حاڵی بەرزبوونەوەدایە، بیانووی ئالوودەبووان بە مادەی هۆشبەری گوڵ، ئەوەیە کە ئەگەری گیرۆدەبوون بەو مادەیە کەمە.
لە لایەکی دیکەشەوە جەماڵ ئەرشەد، بەڕێوبەری گشتیی کۆمەڵایەتی پارێزگاریی سنە لەم دانیشتنەدا، ڕایگەیاند: نزیکەی ٢١ هەزار کەس لەم پارێزگایە گیرۆدەی مادە هۆشبەرەکانن، کە ٦ لەسەدیان ژنە.
بەڵای ماڵوێرانکەری گیرۆدەبوون بە مادە هۆشبەرەکان لەو دیاردە کۆمەلایەتییانەیە، کە ڕۆژ بە ڕۆژ لە کۆمەڵگای کوردستاندا لە حاڵی پەرەسەندنە و ڕێژیمیش لە ڕاستای کۆنترۆڵکردن و لەنێوبردنی ئەم دیاردەیە هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی هەڵنەگرتووە.