کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژەی تووشبووان بە مادە هۆشبەرەکان لە نێوان قوتابییاندا ڕووی لە زیادبوونە

12:46 - 21 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ڕێژەی تووشبووان بە مادە هۆشبەرەکان لە نێوان قوتابییان و منداڵانی کەمتەمەندا ڕۆژبەڕۆژ ڕووی لە پەرەسەندنە و بەرپرسانی ڕێژیم نەک تەنیا هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی ئەم دیاردەیە نادەن، حاشا لە ئامارە ڕاستییەکانیش دەکەن.

سەرەڕای ئەوەی کە لە وڵاتی ئێراندا ئاماری تووشبووان و بەکارهێنەرانی مادە هۆشبەرەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕووی لە زیادبوونە و وێڕای ئەوەش ڕێژیم هیچ یاسایەکی سەرەکی و جێبەجێکاریی بۆ بەرەنگاربوونەوەی فرۆشیاران و بەکار‌هێنەرانی مادە هۆشبەرەکان نییە و تەنانەت مۆرەکانی ڕێژیم و بەتایبەت مۆرە و بەکرێگیراوانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئەو ڕێژیمە فرۆشیارانی سەرجەم مادە هۆشبەرەکانن و بەم بۆنەوە ڕێژەی بەکارهێنەرانی مادە هۆشبەرەکان لە نێوان قوتابییان و مێرمنداڵاندا پەرەی ستاندووە.

لەم بارەوە، پاسدار ئەسکەندەر مۆئمێنی، بەرپرسی بەناو ناوەندی بەربەرکانێی لەگەڵ مادە هۆشبەرەکان، لە پرێسکۆنفڕانسێکدا لە هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران، بە ئاماژەدان بەوەی کە ڕیژەی قوتابییانی بەکارهێنەر و تووشبووی مادە هۆشبەرەکان ٢١ لەسەدە و زیادی نەکردووە، ڕاگەیاندووە: زۆرترین مادە هۆشبەرێک کە لە نێوان قوتابییاندا بەکار دەهێنرێت، مادەی "گوڵـ"ـە و ئەم مادەیەش هێزی تەوەهۆم و سڕکردنی لە زۆربەی مادە هۆشبەرەکانی تر زیاترە.

 وێڕای چەواشەکارییەکانی ئەو بەرپرسەی ڕێژیم، لە هەمبەر زیادنەبوونی ڕێژەی تووشبووانی منداڵان و قوتابییان بە مادە هۆشبەرەکان، ناوەندە خۆبەخشە ناحکوومەتییەکانی ئێران باس لە چوونەسەرەوەی ئاماری منداڵانی تووشبووی مادەی هۆشبەرەکان دەکەن.

ناوبراو لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ئاماژەی بەوە کردووە، کە فرۆشیارانی مادە هۆشبەرەکان، ڕۆژانە بەستەیەکی نوێ و مادەیەکی نوێ دەهێننە بازاڕەوە و بە ڕێکلامگەلێکی ڕەنگین و شارەزایانە لاوان و بەتایبەت قوتابییان فریۆ دەدەن.

بەرپرسانی پەیوەندیداری ڕێژیم زانیارییەکی چڕیان لەسەر فرۆشیارانی مادە هۆشبەرەکان هەیە، بەڵام هیچ هەوڵێک بۆ بنەبڕکردن یان لانیکەم کەمکردنەوەی فرۆشیارانی مادە هۆشبەرەکان نادەن، ئەمەش ئەم ڕاستییەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە فرۆشیارانی مادە هۆشبەرەکان، مۆرە و بەکرێگیراوانی خودی ڕێژیمن و دەستیان بۆ بڵاوکردنەوەی مادە هۆشبەرەکان ئاوەڵایە.