کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژەی تووشبووان بە نەخۆشیی "ئێم ئێس" ڕووی لە هەڵکشانە

11:10 - 12 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: لە پارێزگای ورمێدا، ڕێژەی ژنانی تووشبوو بە نەخۆشیی "ئێم ئێس"، ٢/٥ قاتی پیاوانە.

"سومەیە زارع"، بەرپرسی ئەنجومەنی "ئێم ئێسـ"ـی پارێزگای ورمێ ڕایگەیاند: "٤ هەزار و ١٢٦ کەس لە پارێزگای ورمێدا، تووشی ئەم نەخۆشییەن و ئەم پارێزگایە لە بواری ڕێژەی ئەم نەخۆشانە، لە پلەی پێنجەمی وڵاتدایە".

ناوبراو زیادی کرد: "ڕێژەی ژنانی تووشبوو بەم نەخۆشییە ٢/٥ قاتی پیاوانە و ڕێژەی تووشبووان ڕۆژبەڕۆژ ڕووی لە هەڵکشانە".

"سومەیە زارع"، لە درێژەدا وتی: "لە ئەمڕۆدا ئێسترێس و گوشاری دەروونی، لە هۆکارەکانی پەرەدان بە نەخۆشیی "ئێم ئێسـ"ـە و بە سەرنجدان بە بەرزبوونەوەی گوشارە ئابوورییەکان کە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی گوشاری دەروونی، چاوەڕوان دەکرێت ڕێژەی ئەم نەخۆشانە زیاد بکات".

"ئێم ئێس" جۆرێک نەخۆشیی ھەوکردنە کە تێیدا پۆشەنی مایڵینیی خانەکانی دەماریی لە مێشک و بڕبڕەی پشتدا زیان دەبینێت و دەبێتە ھۆی تێکچوونی باری ئاساییی گواستنەوەی پەیامەکانی دەمار.

بە هۆی گوشاری ئابووری، گەمارۆوە جیهانییەکان، بێکاری و هەژاری و سەدان کێشەی دیکەی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە ئێراندا، ڕێژەی نەخۆشانی دەروونی و نەخۆشانی دیکە لەم وڵاتەدا ڕۆژبەڕۆژ زیاد دەکات.