کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژەی تووشبووان بە کۆرۆنا لە کوردستان دەشاردرێنەوە

12:58 - 7 خاکەلێوه 2720

ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کوردستان و ئێران زیاتر تەشەنەی سەندووە و ڕۆژ بە ڕۆژ خەڵک زیاتر تووشی ئەم نەخۆشییە دەبێت، بەڵام ڕێژیمی ئێران لە هەوڵدایە ڕاستییەکان سەبارەت بە ڕێژەی قوربانییان و توشبووان بشارێتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی گەیشتوو بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا،" لە مەریوان ڕێژەی تووشبووان بەم نەخۆشییە هەڵکشاوە، بەڵام بەرپرسانی ناوەندی تەندروستی و نەخۆشخانە و ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان، بە هاوکاریی یەکتر هەوڵ دەدەن ڕاستییەکان بشارنەوە.

بەپێی زانیارییەکان لە مەریوان، لە  ئەنجامی تاقیکاری لە هاووڵاتییانی جێگای گومان دەریخستووە کە تووشی نەخۆشیی کۆرۆنا بوونه و داوا کراوە کە قەرەنتینە بکرێن، بەڵام لەلایەن نەخۆشخانەوە هیچ چارەسەرییەکیان بۆ ناکرێت و ڕەوانەی ماڵەوە دەکرێن.

ئەو کارەی کاربەدەستانی ڕێژیم ناڕەزایەتی پزیشکەکان و هەروەها نیگەرانیی خەڵکی ئەو شارەی لێکەوتووتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕێژیمی ئێران لە شارەکانی کوردستان بۆ پێشگیریکردن لە تەشەنەسەندنی کۆرۆنا هیچ هەنگاوێکی جیددیی هەڵنەگرتووە و خەڵک خۆبەخشانە بە کەرەستە و تێچووی خۆیان هەوڵ دەدەن پێش بە پەرەسەندنی ئەم نەخۆشییە بگرن.