کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژەی تووشبووان و قوربانییانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کوردستان بەردەوام لە هەڵکشاندایە

12:41 - 27 رەشەمه 2719

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران و بەتایبەت شارەکانی کوردستان، بووەتە هۆی تووشبوون و گیانلەدەستدانی هەژمارێکی زۆر لە هاووڵاتییان و بۆ کۆنترۆڵی ئەم قەیرانە، لەلایەن ڕێژیمەوە هیچ هەنگاوێک هەڵناگیرێت.

ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی ڕەشەمە، دوو کەس لە نەخۆشخانەی سەردەشت کە لەوپەڕی بێ ئیمکاناتیدایە، بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەست دا کە یەکێکیان بە ناوی ''م.ن''، خەڵکی شاری ''ڕەبەتـ''ـە و تەمەنی ٣٥ ساڵە.

بەپێی زانیارییەکان، لە سەردەشت زیاتر لە ٣٠ کەس گومانی ئەوەیان لەسەرە کە تووشی ئەم نەخوشییە بووبێتن.

هەروەها لە نەخۆشخانەی بۆکان کەسێک بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە گیانی لەدەست دا.

زیاتر لە ٣١ کەس لە نەخۆشخانەی بۆکان بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە خەویندراون و بەهۆی بێ ئیمکاناتی ١٦ نەخۆش کە گومانی تووشبوون بەم ڤایرۆسەیان لەسەر بووە، ڕەوانەی ماڵەکانیان کراونەوتەوە.

لە سەقز کە لە دۆخێکی زۆر نالەباردایە، ژنێکی ٥٧ ساڵە گیانی خۆی لەدەست دا و بەم شێوەیە نزیکەی ٣٠ کەس لەو شارەدا بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە گیانیان لەدەست داوە.

هاوکات چوار کەس لە پێرسۆنێلی نەخۆشخانەی سینای کامیاران تووشی کۆرۆنا بوونە و لەوێ لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدان.

ئەوە لە حاڵێکدایە کەرەستەیەکی زۆر وەکوو دەمامک و دەستکێش و ماددەی دژەگەند لە نەخۆشخانە ئەمبار کراوە و زۆر بە کەمی دەیدەن بە کادری نەخۆشخانەکان.