کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژەی تەڵاق لە پارێزگای ئیلامدا بەرز بووەتەوە

13:09 - 12 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: ئاماری تەڵاق، لە پارێزگای ئیلامدا، لە چاو پێنج ساڵی ڕابردووەوە، دوو قات بووەتەوە.

ڕۆژی سێشەممە، ١١ی جۆزەردان، "محەممەد نەوزەری"، جێگری سیاسیی ئەمنییەتی پارێزگاریی ڕێژیم لە پارێزگای ئیلام، ڕایگەیاندووە کە بەپێی ئامارەکانی تایبەت بە ئیعتیاد و تەڵاق، پارێزگای ئیلام پلەی ٢٦ و ٣٠ی لە هەموو وڵاتدا هەیە.

ناوبراو لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئاماری تەڵاق لەم پارێزگایەدا لە چاو پێنج ساڵی ڕابردووەوە، دوو قات بووەتەوە و هەروەها لەبارەی ئیعتیادیشەوە ڕایگەیاندووە کە بەکار‌هێنانی ماددە هۆشبەرەکان لەنێو کەسانی کەمتەمەندا بەرز بووەتەوە و ڕوویان لە ماددە هۆشبەرە سەنعەتییەکان کردووە.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە کێشەگەلێکی دیکەی وەک: خۆکوژی، شەڕی بە کۆمەڵ و کەسی و پەراوێزنشینی کردووە کە بەرۆکی ئەم پارێزگا کوردنشینەیان گرتووە.

بە وتەی "محەممەد نەوزەری"، ٧ لەسەد لە دانیشتووانی پارێزگای ئیلام، کە دەکاتە ٤٠ هەزار کەس، پەراوێزنشینن.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی کە هەمیشە ڕێژیمی ئێران لە ئامارگەلێکی لەم چەشنەدا چەواشەکاری دەکات و ئاماری ڕاست بڵاو ناکاتەوە، دەتوانین بڵێین کە دەکرێت ئەم ڕێژانە زۆر بەرزتر بن و ڕاستی، شتێکی دیکە بێت.

پارێزگای ئیلام، بە یەکێک لە پەراوێزخراوترین پارێزگاکانی ئێران دێتە ئەژمار، کە خەڵکی ئەم پارێزگایە، بەدەست کێشەگەلی وەک: کەمئاوی، پیسیی هەوا و نەبوونی کەلوپەلە پزیشکییەکان و دوکتور و چەندین کێشەی دیکە دەناڵێنن و بەپێی نوێترین ئامارەکان سەبارەت بە خۆکوژی، پارێزگای ئیلام لە پلەی یەکەمی جیهاندایە.