کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژەی فەرمانبەرانی دەسبەسەرکراوی شارەداریی بۆکان گەیشتە نۆ کەس

11:05 - 25 خەزەڵوەر 2721

بە دوای دەسبەسەرکرانی چوار کەس لە فەرمانبەرانی شارەداریی بۆکان لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ڕێژەی دەسبەسەرکردنی گەندەڵکاران بەردەوامە و ئەو ڕێژەیە گەیشتە نۆ کەس.

ئەو دەسبەسەرکراونە کەسانێکی سەر بە ڕێژیمن و بە پاڵپشتیی کەسانی باڵادەست لە ماوەی یەک دوو ساڵی ڕابردوودا نزیک بە سێ هەزار بینای بێمۆڵەتیان دروست کردووە.

تاوانباران بە مەبەستی بیناسازی و تێچووی ئاو، برق و گاز بە شێوەی نایاسایی پارەیان لە خەڵک وەرگرتووە و ئەو پارەیە ٣٠٠ هەتا ٤٠٠ میلیارد تمەن بەراورد کراوە.

پێشتر چوار فەرمانبەری شارەداریی بۆکان بە ناوەکانی "ئاوات ئیفتخاری" بەرپرسی پۆلیسی بیناسازی، "کاوە شیری" و دوو کەسی دیکە بە تاوانی گەندەڵیی ماڵی دەسبەسەر کرابوون.

لە پرۆسەی دەسبەسەرکردنی ئەو کەسانە، تاوانباری یەکەم بە ناوی "بابەک ڕۆستەمپوور" شارەداری پێشووی بۆکان دەسبەسەر نەکراوە، لە حاڵێکدا ناوبراو بڕی ١٨٠ میلیارد تمەن بە پەیمانکارانی ئەو بینایانە قەرزدارە.