کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژەی قوربانییانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە ئێران ساڵ بە ساڵ بەرزتر دەبێتەوە

17:27 - 7 خاکەلێوه 2722

بەپێی ئاماری هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران، بەهۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆوە لە ئێران لە هەر کاتژمێرێکدا ٢ کەس دەبنە قوربانی و ٢٩ی دیکەش بریندار دەبن.

"کەماڵ هادیانفەر" سەرۆکی پۆلیسی هێزی ئینتزامیی ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە لە هەر کاتژمێرێکدا لە ئێران ٢ کەس دەبنە قوربانی و ٢٩ کەسیش بریندار دەبن.

ناوبراو وتوویەتی، ٦٠ لەسەدی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە ٣٠ کیلۆمیتریی شارەکان ڕوو دەدەن و لەو نەورۆزەدا ٤٣١ کەس بە ڕووداوەکانی هاتوچۆ بوونەتە قوربانی و زیاتر لە ٨ هەزار کەس بریندار بوونە.

ناوبراوهەروەها وتوویەتی، ٥٤ ملیۆن شۆفیر بە مۆڵەتنامەی شۆفیری و ٣٨ ملیۆن ماشین لە ئێراندا بوونیان هەیە کە ٣٨ لەسەدیان لەکار کەوتوون.

لە ئێراندا ١٢ ملیۆن ماتۆڕ سیکلێت بوونیان هەیە کە ١٠ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار لەو ماتۆڕانە لەکار کەوتوون کە بەشی زۆری ئەو کێشەیە بۆ گەمارۆوە ئابوورییەکان و خراپیی چۆنیەتیی بەڕێوبەری دەگەڕێتەوە.

دەوترێت ٨ لەسەدی بەرهەمی نێوخۆیی سەرفی تێچووی زیانەکانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە ئێراندا دەکرێت.

ڕووداوەکانی هاتوچۆ ٥.٣ میلیارد تمەن زیان لە ئابووری ئێران دەدات و ڕێژەی ٩ تا ١١ لەسەدی بودجەی حکوومەت سەرفی ڕووداوەکانی هاتوچۆ دەکرێت.

لە ساڵی ڕابردوودا ١٧ هەزار کەس لە ئێراندا بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەست داوە و ٣٦٠ هەزار کەسیش بریندار بوونە کە زۆرێک لەو بریندارانە کەمئەندام بوونە.

٢٣٦ هەزار کیلۆمیتر درێژیی ڕێگاکانی ئێرانە و ٥ هەزار و ٢٠٠ خاڵی کارەساتبار بوونیان هەیە کە نزیک بە ٣٨.٥ لەسەدی ئەو ڕووداوانە لەو خاڵانە ڕوو دەدەن و نەبوونی ڕووناکی لەو شوێنانە، بەرزی و نزمی و دۆخی خراپی ئاسفاڵتەکان لە هۆکارەکانی ڕووداوەکانی هاتوچۆن.