کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژەی مردنی گیرۆدەبووان بە ماددەسڕکەرەکان لە ئێراندا ٢٠ لە سەد بەرز بووەتەوە

11:33 - 19 بانەمەڕ 2720

ڕێکخراوی پزیشکیی یاسایی ڕێژیمی ئێسلامیی ئێران بڵاوی کردووەتەوە ڕێژەی مردنی گیرۆدەبووان بە ماددە سڕکەرەکان لە ئێراندا بەرز بووەتەوە.

بەپێی ئاماری ئەو ڕێکخراوەیه ٤ هەزار و ٤٧٢ کەس لە ساڵی ڕابردوودا بە ماددە سڕکەرەکان گیانیان لەدەست داوە.

ئەو ڕێژەیە لە مردنی گیرۆدەبووان بە ماددە سڕکەرەکان بەنیسبەت ساڵی ٩٧ی هەتاوی ٨ لە سەد بەرز بووەتەوە.

پارێزگاکانی تاران، فارس، خوراسان، سمنان و ئیلام بە ڕیز پلەی گیان لەدەستداوانیان بە ماددە سڕکەرەکان هەیە.

٨٠ لەسەدی ئەو کەسانەی کە لە ئێراندا بەهۆی بەکارهێنانی ماددە و حەبە سڕکەرەکانەوە گیانیان لەدەست دەدەن، لە "پیاوانـ"ـن.

بەشی هەرە زۆری ئەو کەسانەی گیانیان لەدەست داوە ئاستی خوێندیان ژێر دیپلۆم بووە.

باس کردن لەم کێشەیە و هەروەها خستنەڕووی ئامارێکی دوور لە ڕاستیی لەم چەشنە لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە لە کاتێکدایە کە ئێران خۆی وڵاتی به‌رهه‌مهێنه‌ری مادده‌ سڕکەرەکانە و ٧٠٠ جۆر ماددەی سڕکەر لەو وڵاتەدا بەرهەم دێت.

وڵاتی ئێران بە گەورەترین شوێنی تڕانزیتی ماددە سڕکەرەکان لە جیهاندا ناسراوە و یەکێک لەو وڵاتانەیە کە زۆرترین بەکارهێنەری ماددە سڕکەرەکانی تێدایە.

"فەرید بەراتی" بەڕێوەبەری گشتیی پێشگرتن و دەرمانی ڕێکخراوی بێهزیستیی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، بۆ کۆکردنەوەی گیرۆدەبووان بە ماددە سڕکەرەکان کەڵک لە سپای پاسداران وەردەگرین.

بەرپرسانی ڕێژیم بەتایبەتی لە ڕێگەی مافیای سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە، نە تەنیا ڕێگری لە بازرگانی بە ماددە سڕکەرەکان ناکەن، بەڵکوو خۆیان بازرگانی ئەسڵین.