کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژەی نەختینەیی لە ئێراندا بەرز بووەوە

13:01 - 8 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: ئابووریی ئێران بەهۆی گەمارۆوە ئابوورییەکانەوە بەردەوام ڕوو لە لاوازییە و بەرەو داڕمان هەنگاوی ناوە.

بەپێی ڕاپۆرتی بانکی  ناوەندیی ڕێژیمی ئێران، ڕێژەی نەختینەیی لە کۆتایی مانگی جۆزەردانی ئەمساڵدا گەیشتووەتە ١٩٨٠ هزار میلیارد تمەن.

ئەو ئامارە دەرخەری ئەوەیە کە ٢٥.١ لەسەد نەختینەیی، لە کۆتایی جۆزەردانی ئەمساڵ بەنیسبەت مانگی وێکچووی ساڵی ڕابردوو، هەڵکشاوە.

ئەو ئامارە لە کاتێکدایە کە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران ڕایانگەیاندبوو کە پێویست ناکات لە هیچ بوارێکدا ئامار بڵاو بکەنەوە.

زۆربوونەوەی ئاستی نەختینەیی لە هۆکارەکانی هەڵاوسانه و ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەیکە چینی مامناوەندیی کۆمەڵگا کە مووچە وەردەگرن و داهاتێکی نەگۆڕیان هەیە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هێزی کڕینیان کەم ببێتەوە.

لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا، نرخی دارایی پەتیی تیپی تەمەنیی ٦٥ ساڵ، زیاتر لە ٦٠ لەسەد زیادی کردووە، ئەمە لە حاڵێکدایە که نرخی دارایی پەتیی تیپی تەمەنیی خوارەوەی ٤٥ ساڵ، زیاتر لە ٣٠ لەسەد کەمی کردووە.

جیا لە گەمارۆوە ئابوورییەکان، سیستمی لاوازی بەڕێوەبەری وڵات بووەتەوە هۆی ئەوەیکە دۆخی ئابووریی ئێران تووشی داڕمان بێت.