کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژەی هەڵاوسان لە ئێراندا سەرسووڕهێنەرە

11:45 - 10 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: بەپێچەوانەی ئامارەکانی ڕێژیمی ئێران، سەبارەت بە ڕێژە و نرخی هەڵاوسان لە ئێراندا، مامۆستایەکی زانکۆی جانز هاپکینز دەڵێت: "هەڵاوسان لە ئێران٢١٢ لە سەدە".

مامۆستای بەناوبانگی ئابووریی لە زانکۆی جانز هاپکینزی ئامریکا، پرۆفسۆر ستیڤ هانکێ لە نوێترین تویتی خۆیدا سەبارەت بە دۆخی ئابووریی ئێران و ئاستی هەڵاوسان لەم وڵاتە ئاشکرای کردووە کە نرخی هەڵاوسان بە خێرایی لە حاڵی گەشە دایە و ئێستا  ٢١٢لە سەدە.

ناوبراو لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا پێشبینی دۆخی شپرزی ئابووریی ئێرانی کردبوو و لە وتووێژ لەگەڵ دەنگی ئامریکا وتبووی: "خەڵکی ئێران دەزانن کە هەڕەشە و جێبەجێ کردنی تەحریمەکان بەواتای هاتنی شەپۆلێکی دیکە لە کەمی بودجەی وڵاتەکەیانە و تەنیا ڕێگە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم کەمایەسییە چاپ کردنی پارەی نوێیە؛ بەسەرنجدان بەوەیکە تەحریمەکان دەس پێدەکەنەوە، خەڵک لە هەر دەرفەتێک کەڵک وەردەگرن تاکوو ڕیاڵ بگۆڕنەوە بە زێڕ و دۆلار یان تەنانەت شەکر و ئارد! هەر بەم هۆیەوە هەڵاوسان لە ئێراندا دەگاتە چڵەپۆپەی خۆی".

لە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵیشدا سندووقی نێونەتەوەیی دراو لە ڕاپۆرتێکدا پێشبینی کردبوو ئابووری ڕێژیم ئێران لە ئاکامی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئامریکاوە زیانێکی زۆری پێگەیوە.

 هەروەها لە مانگی ڕێبەندانی ئەمساڵدا، ڕۆژنامەی لیبراسیۆن، لە زاری ئابووریناسێکی فەڕانسەیییەوە نووسیبووی: هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام شۆکێکی ئابووریی پڕ لە توندوتیژی بۆ ئێران بوو؛ نرخی گەشەی ئابووریی ئێران لە ساڵی نوێدا گەیشتووەتە مەنفی ٤ لە حاڵێکدا کە پاش واژۆی بەرجام، گەشەی ئابووریی ئێران یەکجاری گەیشتە ٤/١٣ لەسەد.

سیاسەتە ئابوورییە هەڵەکانی ڕێژیمی ئێران و دووپاتبوونەوەی گەمارۆ ئابوورییەکان لەسەر ڕێژیمی ئێران و لاوازبوونی سیستمی بانکی و کەمبوونی پارەی نەختی، بارودۆخی ئابووریی ئێرانی گەیاندووەتە ئاستێک کە لە سنووری هۆشدار تێپەڕیوە.