کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژەی ژنانی بەکارهێنەری نێرگەلە و جگەرە لە هەڵکشاندایه

12:49 - 2 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسی گرووپی سڵامەتی ژینگەی بێهداشتی زانکۆی زانستی پزیشکیی زاهێدان باسی لەوە کردووە کە وێڕای زیادبوونەوەی ڕێژەی بەکارهێنەرانی جگەرە و نێرگەلە لە ئێراندا، ڕێژەی ژنانی بەکارهێنەریش لەم بوارەدا ڕووی لە هەڵکشانە.

"ئەحمەد بامری"، بەرپرسی گرووپی سڵامەتی ژینگەی بێهداشتی زانکۆی زانستی پزیشکیی زاهێدان، وێڕای ئاماژه به بەرزبوونەوەی ڕێژەی بەکارهێنەرانی جگەرە و نێرگەلە باسی لەوە کردووە کە ئەم کەسانە هۆشدارییەکان به جیددی وەرناگرن، هەر بۆیە تا کۆتایی تەمەنیان لەگەڵ نەخۆشییە پێوەندیدارەکان بەم ماددانەوە دەناڵێنن.

ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە زۆربوونەوەی ڕێژەی ژنانی بەکارهێنەر کردووە و وتوویەتی: "بەکارهێنانی بەردەوامی جگەرە و نێرگەلە، ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەکانی دەم و ددان، سیپەلاک و نەخۆشییەکانی دیکە بەرز دەکاتەوە."

هەر لەم پێوەندییەدا، زانکۆی زانستی پزیشکیی ئیسفەهان ڕایگەیاندووە: "لە هەر حەوت کەسدا، کەسێکی بەکارهێنەری نێرگەلە و جگەرە، گیانیان لەدەست دەدەن."

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکانی ئەم زانکۆیە، بەکارهێنانی نێرگەلە لە لای خەڵک ئاسایی بووەتەوە و تەمەنی بەکارهێنەرانیش ١٣ ساڵ دابەزیوە و ڕێژەی بەکارهێنەرانیشیان ٤٠ لەسەد بەرز بووەتەوە.

بەکارهێنانی ئەم جۆرە شتانە لە کۆمەڵگای ئێراندا بووەتە باو و زۆربەی ئەو کەسانەی کە پەنایان بۆ دەبەن ئەو کەسانەن کە لە دەست کێشە کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەت بێکارییەوە دەناڵێنن و بە وتەی خۆیان بەکارهێنانی ئەم جۆرە دووکەڵانە ئارامییان پێ دەبەخشێت.

بەرپرسانی ڕێژیم هیچ هەنگاوێکی کردەیی بۆ چارەسەریی ئەم کێشەیە هەڵناگرن و بەداخەوە لە جیاتیی نزمبوونەوەی ڕێژەکە، ژنانیش چوونەتە نێو ئاماری سەرەکیی بەکارهێنەرانەوە.