کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکان بەرزتر دەبێتەوە و ڕێژیمیش لەمبارەوە بێدەنگە

12:14 - 12 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە بڵاوکردنەوەی ڕێژەی کوژراوان و بریندارانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانە خۆی دەبوێرێت و لە نوێترین ئاماری لێبووردنی نێونەتەوەییدا، لانیکەم ٢٠٨ کەس کوژراون.

سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ڕێژەیەکی زۆر لە گرتە ڤیدیۆکان و ڕاپۆرتی شایەتحاڵەکان کە تەقەکردنی هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم ڕوو لە خەڵکی ناڕازی پشتڕاست دەکاتەوە، ڕێژیمی ئێسلامیی ئێران لە بڵاوکردنەوەی ژمارەی کوژراوان، برینداربووان و دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەر، خۆی دەبوێرێت.

''محەممەد جەعفەری مۆنتەزێری''، دۆزگەری گشتیی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی شەممە، ٩ی سەرماوەز بە شانازییەوە وتوویەتی، ئاماری ڕاستەقینە لەبەر دەستی کەسدا نییە و  بەختەوەرانە هیچکەس لە دەرەوەی وڵات دەستپێڕاگەیشتنێکیان بە ئامارەکان نییە.

بەرپرسانی ڕێژیم، ئاژاوەگێڕان و بکەرەکانی سەر بە وڵاتانی دیکە بە هۆکاری ئەم کوشتار و تاوانانە دەناسێنێت.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە ٤ـەمین ڕاپۆرتی خۆیدا کە ڕۆژی یەکشەممە، ١١ی سەرماوەز، بڵاوی کردەوە، ڕێژەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی ٢٠٨ کەس ڕاگەیاندووە.

'' فیلیپ لوتێر''، بەڕێوەبەری بەشی لێکۆڵینەوەکانی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئافریقا، لەم بارەوە باسی لەوە کردووە، ئەم ئامارە نیشاندەری ئەوەیە کە هێزە بەناو ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێران کوشتارێکی دڕندانەیان بەڕێوە بردووە و لە کەمتر لە یەک حەوتوودا، ٢٠٨ کەس کوژراون.

ناوبراو داوای  لە کۆمەڵگەی نیونەتەوەیی کردووە کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لەم پەیوەندییەدا ناچار بە وڵامدانەوە بکەن.

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی باسی لەوەش کردووە کە ڕێژەی کوژراوان زیاتر لەم ژمارەیەیە.

هەندێک لە سەرچاوەکان، باس لە کوژرانی زیاتر لە ٤٠٠ کەس دەکەن.