کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی لەهەمبەر گەشتگیربوونی کۆرۆنا هۆشداریی داوە

12:41 - 21 خاکەلێوه 2720

ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی لە دوایین هەڵسەنگاندنەکانی خۆیدا دەڵێت، تەشەنەسەندنی نەخۆشیی کۆرۆنا دەبێتە هۆی دابەزینی ١٣ هەتا ٣٢ لەسەدیی مامەڵە بازرگانییەکان لە ساڵی ٢٠٢٠دا.

 بە وتەی ئەو ڕێکخراوە جیهانییە، گەڕانەوە بۆ دۆخی ئاسایی پەیوەندیی بە کۆتاییهاتنی کۆرۆناوە هەیە.

''ڕۆبێرتۆ ئازودوو''، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی بازرگانانیی جیهانی، ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی خاکەلێوە، هۆشداریی دا کە گشتگیربوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەوانەیە قووڵترین مەندیی ئابووریی لە میژوودا لێ بکەوێتەوە.  

ناوبراو باسی لەوە کردووە کە دابەزینی حاشاهەڵنەگر لە بازرگانی و بەرهەمهێنان، ئاکامێکی ناخۆشی بۆ بنەماڵەکان و پیشەکان دەبێت.

ئەو ڕێکخراوەیە دەڵێت، دابەزینی بازاڕەکانی ماڵی لە ساڵی ٢٠٢٠دا لە قەیرانی ئابووریی ساڵی ٢٠٠٨ توندتر دەبێت.

ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی جەختی کردووەتەوە کە بەو دۆخەی ئێستا، ڕەوتی گەشەسەندن زۆر ناڕوونە و هەروەها بە وتەی ئەم ڕێکخراوەیە، دوورەدیمەنێکی گەشبین ئەویە کە لە نیوەی دووهەمی ساڵی ٢٠٢٠دا ڕەوتی ڕوو لە دابەزینی بازرگانی بەرەو باشبوون بڕوات.

بەڵام ئەم دامەزراوەیە لە ڕوانگەیەکی ڕەشبینانەدا دەڵێت، دابەزینە سەرەتاییەکان توندتر دەبێت و ڕەوتی باشتربوونی کارەکان، درێژخایەن و ناتەواو دەبێت.

هەروەها پێشتر ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی دابوو کە تەشەنەشەندنی کۆرۆنا، جیهان بەرەو قاتوقڕی دەبات.