کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی تاکسیڕانی ماڵیاتی زۆرەملێ لە کامیۆندارەکان وەردەگرێت

11:47 - 5 بانەمەڕ 2722

ڕێکخراوی تاکسیڕانی لە شنۆ گوشاری بۆ سەر ماشینە بارهەڵگر، کۆمپرێسی و کارخانەکانی خیز هێناوە کە دەبێ ڕۆژانە ٥٠ هەتا ١٥٠ هەزار تمەن وەک ماڵیات بەو ڕێکخراوەیە بدەن.

کاربەدەستانی ئەو ڕێکخراوە هەڕەشەیان لەو شۆفیرانە کردووە ئەگەر ئەو پارەیە نەدەن لە ڕێگای پۆلیسەوە دوو بەرابەر زیاتر جەریمە دەکرێن.

ئەستاندنی ئەو بڕە پارەیە لەکاتێکدایە کە ساڵانە ماشینە بارهەڵگرەکان بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر ماڵیاتیان دێتە سەر.

 ڕێکخراوی تاکسیڕانی ڕایگەیاندووە بۆیە ئەو پارەیه لە ماشینانە دەستێنێن چونکە باری ئەو ماشینانە قورسە و دەبێتە هۆی خرابوونی ڕێگاوبانەکانی نێو شار.

بەهۆی ئەوەیکە تێچووی ماشینە بارهەڵگرەکان زۆرە و داهاتیان کەمە شوفیرەکان ڕایانگەیاندووە ئەگەر ئەو کێشەی چارەسەر نەکەن دەست دەدەنە مانگرتن.

بە وتەی یەکێک لە شۆفیران یەک بەرمیل ڕۆنی هیدرۆلیک لە ماوەی یەک حەتوودا یەک ملیۆن تمەن گران بووە.

شارەدارییەکانی ڕێژیمی ئێران بەهۆی ئەوەیکە ڕێژیم بودجەی نییە تێچووی خۆیان لە ڕێگای ماڵیات دابین دەکەن کە ئەو ماڵیاتە زۆرە و گوشاری بۆ خەڵک هێناوە.

پێشتر ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای "ئەرزش ئەفزوودە" (ارزش افزودە) بەشێک لە تێچوویەکانی خۆی دابین دەکرد بەڵام ئێستا ڕێژیمی ئێران بەهۆی نەبوونی بودجە ئەو کارە ناکات.