کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی بەنیسبەت شەپۆلی دووەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هۆشداریی دا

12:21 - 6 جۆزەردان 2720

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕۆژی دووشەممە ٥ی بانەمەڕ، هۆشداریی دا کە ئەو وڵاتانەی کە لە ئێستادا ڕەوتی دابەزینی ڕێژەی تووشبووان بە کۆرۆنا ئەزموون دەکەن، ئەگەر ڕێوشوێنەکانی پێشگرتن لە تەشەنەسەندنی ئەم نەخۆشییە زووتر لە کاتی پێویست کەم بکەنەوە، لەگەڵ مەترسیی سەرهەڵدانی شەپۆڵی دووەم و خێرای کۆرۆنا ڕووبەڕوو دەبنەوە.

''مایک ڕایان'' بەرپرسی دۆخە نائاساییەکان لە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە کۆنفڕانسێکدا وتوویەتی، لە حاڵێکدا کە ڕێژەی تووشبووان بە کۆرۆنا لە زۆرێک لە وڵاتان ڕوو بە کەمی دەڕوات، بەڵام ئامارەکان لە وڵاتانی ئاسیا، ئافریقا، ئامریکای باشوور و ئامریکای ناوەندی لە حاڵی بەرزبوونەوەدایە.

ئەم بەرپرسەی تەندروستیی جیهانی باسی لەوە کردووە کە نەخۆشییە تەشەنەسێنەکان زۆربەیان بەشێوەی شەپۆلی بڵاو دەبنەوە و ئەمە بەو واتایەیە شەپۆلەکانی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە ئەمساڵدا و لەو شوێنانەی کە شەپۆلی یەکەم لە حاڵی دابەزیندایە، سەر هەڵدەداتەوە.

ناوبراو وتوویەتی، هەڵگرتنی ڕێکارەکانی پێشگرتن و کەمکردنی سنوورداریەتییەکان پێشتر لە کاتی پێویستدا، ئەگەری هەیە کە ڕێژەی تووشبووان بە کۆرۆنا بۆ جارێکی دیکە خێراتر سەرهەڵبداتەوە.