کوردستان میدیا: ڕێکخراوی جەیشولعەدل بە نیسبەت ١٢ دیلی ڕێکخراوی تێرۆریستیی سپای پاسداران و هێزی ئینتزامیی ڕێژیمی ئێران بەیانییەکی بڵاو کردەوە.
دەقی بەیانییەکە بەم چەشنەیە:
"بسم الله الرحمن الرحیم"
ڕێکخراوی جەیشولعەدل بە ئاگاداری خەڵک دەگەێنێت، ١٢ دیلی ڕێکخراوی تێرۆریستیی سپای پاسداران و هێزی ئینتزامی، سەر بە ڕێژیمی تێرۆریستیی ویلایەتی فەقیهـ که لە ڕۆژی ٢٤ی ڕەزبەر بەرانبەر لەگەڵ ١٦ی ئۆکتۆبر لە لایەن ئەو ڕێکخراوە بە دیل گیران سڵامەتن و تەندروستن و لەگەڵ ئەوان به شێوەی سوننەتی حەزرەتی ڕەسووڵی ئیسلام و ئەوەندەی لە ئیمکاندا هەبێت بەپێی کۆنوانسیۆنە نێودەوڵەتییەکانی پشتیوانی لە دیلەکان ڕەفتار دەکەین.
لەو ڕاستایەدا ڕێکخراوی جەیشولعەدل داوا لە سەرجەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک خاچی سوور و مانگی سوور دەکات که بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی ڕێکخراوی جەیشولعەدل بە مەبەستی ئازادیی دیلەکانی ڕێژیمی نێوبژیوانی بکات.
داواکارییەکانی ڕێکخراوی جەیشولعەدل بەم چەشنەیە:
ئازادیی گرووپێک لە زیندانیانی عەقیدەتیی ـ سیاسی بەلووچ
ئازادیی زیندانیانی عەقیدەتی ـ سیاسی سوننە مەزهەب زیندانیکراو لە زیندانی ڕەجایی شار
ئازادیی گرووپێک لە زیندانیانی سیاسی لە نەتەوە جیاوازەکانی وڵات
ئازادیی گرووپێک لە زیندانیانی سیاسیی ژن
بەڵێندان بۆ ڕاگرتنی بێ ئەملاوئەملای هێرش بۆ سەر مزگەوت و قوتابخانە دینییەکانی ئایینی سوننە مەزهەب
بەڵێندان بۆ ڕاگرتنی کوشتاری خەڵکی بەلووچ بە بیانووی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاغ
جێگای وەبیرهێنانەوەیە کە ڕێژەی زیندانیانی داواکراو بۆ گۆڕێنەوە، لەگەڵ گرووپە نێوبژیوانەکان باس دەکرێت.
٥ی خەزەڵوەر بەرانبەر لەگەڵ ٢٧ی ئۆکتۆبر