کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسداران دانی بە شکستی خۆیدا هێنا

13:04 - 5 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز سەرەڕای هەڕەشەی ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بە شێوەیەک بەڕێوە چوو، کە فەرماندەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران دانیان بە شکستی خۆیاندا هێنا.

خەڵکی کوردستان، بە بۆنەی چوارشەممەسووری و ڕۆژی نەورۆزەوە، لە سەرتاسەری کوردستاندا، ڕێوڕەسمی تایبەتی ئەو بۆنانەیان بەڕێوە برد. بەڕێوەچوونی ئەو ڕێوڕەسمانە لە کاتێکدا بوو کە ناوەند و بنکە ئیتلاعاتی و نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران هەڕەشەیان لە خەڵک دەکرد.

سەرەڕای هەڕەشەی فەرماندەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە خەڵک، خەڵکی کوردستان بەبێ گوێدان بەو هەڕەشانه و لەوپەڕی شکۆوە ڕێوڕەسمی نەورۆزیان بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب، هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، سروودی شۆڕشگێڕانە و لەبەرکردنی جلی خاکی و جامانە، لە ڕێوڕەسمەکاندا بەشدار بوون.

به هۆی ئەوەی کە لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزدا خەڵک بە هەموو شکۆ و هەیبەتەوە بەشداریان کردبوو، کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران بە تایبەت فەرماندە تێرۆریستەکانی سپای پاسداران دەستەوەستان مابوونەوە.

بەشداریی خەڵک لەو ڕێوڕەسمانەدا هەتا ڕادەیەک بووە، کە بەرپرسانی نیزامیی و ئیتلاعاتیی ڕێژیم لە تارانەوە هەڕەشەیان لە خەڵک کردبوو و گوشاریان بۆ کاربەدەستانی خۆیان لە کوردستاندا هێنابوو کە پێش بەو ڕێوڕەسمانە بگرن. بەڵام هەوڵەکانیان بێئاکام مایەوە.