کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسداران هەڕەشەی لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ئەو ڕێژیمە کرد

17:59 - 3 پووشپەڕ 2720

فەرماندەی زەمینیی ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران هەڕەشەی لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیم کرد کە هەر جموجۆڵ و چالاکییەک بکەن بەتوندی بەرپەرچی دەدەنەوە.

پاسداری تێرۆریست "محەممەد پاکپوور"، فەرماندەیەکی سپای تێرۆریستی پاسداران، لە کاتی بەڕێوەچوونی مانۆڕی نیزامی لە بەرزاییەکانی "چلچەمە" سەر بە مەریوان، هەڕەشەی لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیم کرد.

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، ئامانجی ئەو مانۆرە ئامادەیی و بەرەنگاربوونەوەی ئەوان دژی حیزبە دژبەرەکانە.

تێرۆریست "پاکپوور" هەروەها باسی لە هێرش بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات کرد.

فەرماندەی هێزی زەمینیی سپای تێرۆریستی پاسداران لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا هەڕەشەی لە هەرێمی کوردستان کرد کە دەبێ پێش بە چالاکیی حیزبە کوردییەکان بگرن.

ناوبراو لە قسەکانیدا هەڕەشەی لە دانیشتووانی گوندەکانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و کوێستانچییەکان کردووە کە دەکرێنە ئامانجی تۆپبارانەکان.

تێرۆریست "پاکپوور" لە قسەکانیدا جەختی کردووەتەوە، بنکە و مەقەڕەکانی حیزبە کوردییەکان یەکێک لە ئامانجەکانی ئەوانە.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە بیانووی بنکە و مەقەڕەکانی حیزبە کوردییەکان لە ناوچە شاخاوییەکانی نێوان کوردستانی باشوور و ڕۆژهەڵات، گوندەکان و کوێستانچییەکان تۆپباران دەکات.