کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی شەفافییەتی نێونەتەوەیی: دۆخی گەندەڵی لە بەشی نیزامیی ڕێژیمی ئێران قەیراناوییە

11:58 - 26 خەزەڵوەر 2721

بەشی نیزامی و بەرگریی ڕێکخراوی شەفافییەتی نێونەتەوەیی، بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک، دۆخی بەرگری و ئەمنییەتی ڕێژیمی ئێرانی لە بواری گەندەڵییەوە بە قەیراناوی وەسف کرد.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە جگە لە پێوەری پەیوەندیدار بە پێرسۆنێلەکان کە لە دۆخێکی پڕمەترسیداردا جێگەیان گرتووە، پێوەرەکانی بەشی نیزامی، سیاسی، ماڵی، عەمەلیاتی و لۆجیستیکی لە دۆخی قەیراناویدان.

ئەو ڕێکخراوە هۆکاری ئەو دۆخە قەیراناوییەی بۆ پێکهاتەی بەڕێوەبەرییەکی شاراوە و نافەرمی لەنێو هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران گەڕاندووەتەوە.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە چاوەدێریی دەرکی لەسەر هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئیران، بە تایبەت لە بواری ماڵی و دابینکارییەکان زۆر لاوازە.

ڕێکخراوی شەفافییەتی نێونەتەوەیی ئەوەشی زیاد کرد کە ئەگەر خەڵکی ئێران بیانهەوێت دەستیان بە زانیاریی نیزامیی وڵاتی خۆیان ڕابگات لەگەڵ مەترسیی گەورە بەرەوڕوو دەبنەوە.

ئەو ڕاپۆرتە بە ئاماژەدان بە پەرەگرتنی ناڕەزایەتییەکان لە نێۆخۆی ئێران لە تەنیشت بەهێزبوونی ناوەندە نیزامی و ئەمنییەتییەکان یەک لەوان سپای پاسداران باسی لەوە کرد کە ئەو ڕێکخراوە بە پشتیوانیی ''عەلی خامنەیی'' و پشتبەستن بە سەرچاوەی ماڵی، لە سیاسەتی نێوخۆیی و دەرکیی ئێران و دامەزراندنی گرووپی نیابەتی لە وڵاتانی ناوچەدا وەکوو هێزی سەرکی چالاکی دەکات.