کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی بەنیسبەت ئازادکردنی تاوانبارانی نێونەتەوەیی هۆشداری بە بێلژیک دا

12:49 - 15 پووشپەڕ 2722

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٤ـی پووشپەڕی ١٤٠١ـی هەتاوی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە بەیاننامەیەکدا داوای لە حکوومەتی بێلژیک کردووە کە ئەوە مسۆگەر بکات کە ئەو پرۆژە یاسای کە بڕیار وایە بدرێتە پارلمانی فێدراڵ مافەکانی مرۆڤ پێشێل نەکات.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا کۆمەڵیک لە چالاکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤیی بەنیسبەت پەسندی پرۆژە یاسای "ڕادەستکردنەوەی و گۆڕینەوەی تاوانباران" هۆشدارییان دا کە لە ئەگەری پەسندکرانی ئەو پرۆژە یاسایە ئیمکانی ئازادیی "ئەسەدوڵڵا ئەسەدی" دیپلۆماتی پێشووی ڕێژیمی ئێران لە بێلژیک جێبەجێ دەبێت.

"ئەسەدوڵڵا ئەسەدی" بە دانانەوەی بۆمب لە کۆبوونەوەی سازمانی موجاهدینی خەلق لە ساڵی ٢٠١٨ تاوانبارە و بەو تاوانە بە بیست ساڵ زیندانی مەحکووم کراوە.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا پێشکەشکردنی پرۆژەیاسای دەوڵەتی بێلژیک بە پارلمانی فێدراڵی ئەو وڵاتە کاردانەوەی نەرێنیی زۆری لەنێو کەسایەتی و ڕێکخراوە ئورووپاییەکان لێکەوتەوە.

بەپێی ئەو پرۆژە یاسایە تاوانبارانی چەند وڵات بەتایبەت ئێران کە لە بێلژیک زیندانین بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەیان بۆ ئێران دەگەڕێندرێنەوە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕۆژی سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەو پرۆژە یاسایە و بەتایبەت دۆسیەی "ئەسەدوڵڵا ئەسەدی" کردووە و هۆشداری بە حکوومەتی بێلژیک داوە کە  پەسەندی ئەو پرۆژە یاسایە دەبێ مافەکانی مرۆڤ بپارێزێت.