کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی داوای تاقیکاریی "دی.ئن.ئەی" بۆ ئێعدامکراوەکانی ساڵی ٦٧ی کردووە

13:01 - 14 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە ڕاپۆرتێکدا، بە بۆنەی ٣١ـەمین ساڵیادی ئێعدامە بەربڵاوی زیندانییە سیاسییەکان لە ئێراندا، باسی لەوە کردووە، کە بەرپرسانی ڕێژیم بە شاردنەوەی چارەنووس و شوێنی بەخاک ئەسپاردنی هەزارانی زیندانیی دژبەر، لە جەنایەت بە دژی مرۆڤایەتی بەردەوامن.

ئەم ڕاپۆرتە کە سێشەممە ١٣ی سەرماوەز، لەژێر ناوی "نهێنیی شەڵاڵ بە خوێنی کوژراوەکانی ٦٧، جەنایەت لە دژی مرۆڤایەتی بەردەوامە" بڵاو بووە، داوای لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، کە لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ لە بارەی کوژراوەکانی سێ دەیە پێش بکرێت، کە بە شاراوەیی و بەبێ سزا ماوەتەوە.

فیلیپ لۆتێر، بەرپرسی ڕۆژهەڵاتی ناوین  و باکووری ئافریقای لێبوردنی نێونەتەوەیی، لەم ڕاپۆرتە ئاماژەی بە کوشتن و بێسەروشوێنبوونی هەزاران دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هاوینی ١٣٦٧ی هەتاوی کرد و وتوویەتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا، خەریکی لەنێوبردنی بەڵگە و ڕاستییەکانی پێوەندیدار بەم جەنایەتە بووە.

لێبوردنی نێونەتەوەیی لەم ڕاپۆرتە ئاماژە بە گۆڕە پەرشوبڵاوە بەکۆمەڵەکان لە ٣٢ شاری ئێران کردووە، کە پێشتریش لە ڕاپۆرتگەلێکی دیکەدا باس لە تێکدان و شێواندنی شوێنی بەخاک ئەسپاردنی ئەم کەسانە کراوە.

ئەم ڕێکخراوە باسیان لەوە کردووە، "بەرپرسانی ڕێژیم لە جیاتی هێرشی بێڕەحمانە بۆ سەر بنەماڵەی کوژراوەکان، دەبێ بۆ جێگیرکردنی عەداڵەت و ئاگاداربوونی ئەم بنەماڵانە لە ڕاستییەکان و قەرەبووکردنەوەی غەرامەتەکان متمانەیان پێ ببەخشێت، بەتایبەت بۆ ناسینەوەی تەرمەکان بە ڕادەستکردنی تەرمی قوربانیان و ڕێگەپێدان بە پسپۆڕانی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و توێژەرانی "دی.ئن.ئەی" هاوکاریی پێویست بکەن.