کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی داوای لێکۆڵینەوە سەبارەت بە کوژرانی کاسبکارانی "بەلووچ" دەکات

11:41 - 13 رەشەمه 2720

ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاندووە کە سپای پاسداران بە شێوەیەکی نامرۆڤانە بەشێک لە کاسبکارانی بەلووچی بێبەزەییانە سەرکوت کردووە، هەروەها داوا دەکات لەسەر کوژرانی ئەو کاسبکارانە لێکۆڵینەوە بکرێت.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە: "ئەو کاتەی هێزەکانی سپا بەپێچەوانەی یاسا ڕاستەوخۆ تەقە لە خەڵک دەکەن یان بە نیازی کوشتنی خەڵک تەقەیان لێ دەکەن یان بۆیان گرینگ نییە کە ئەو کارەی ئەوان دەبێتە هۆکاری کوژرانی خەڵک یان نا، دەبێ ئەو کردەوەیەی هێزەکانی سپا وەک ئێعدامی سەروویاسایی لێکۆڵینەوەی لێ بکرێت".

هەروەها لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: "لانیکەم زیاتر لە ١٠ کەس بەهۆی تەقەی سپای پاسداران لە کاسبکارانی بەلووچ کوژراون کە یەکێک لەوان لاوێکی ١٧ ساڵە بووە، هەروەها سەرچاوە خۆجێیی و نافەرمییەکان ڕێژەی کوژراوان زیاتر لە ئاماری تۆمارکراو ڕادەگەیەنن".

داواکاریی لێبووردنی نێودەوڵەتی لە حاڵێکدایە کە بەشێک لە چالاکانی کۆمەڵایەتی و سیاسیی "بەلووچ" داوایان کردووە کە ڕێژیمی ئێران دەبێ بەنیسبەت بنەماڵەی کوژراوان وڵامدەر بێت.

تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپا لە کاسبکارانی "بەلووچ" لە کاتێکدا بوو کە گرووپێک لە کاسبکاران تەنیا بۆ کرانەوەی ڕێگا لەبەر دەرگای پادگانێک لە شاری "سەراوان" کۆ ببوونەوە.