
ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی ڕۆژی سێشەممە بڵاوی کردەوە کە کەمبوونەوەی بەربەستەکانی پەیوەندیدار بە پەتای کۆرۆنا هاوکات بووە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاماری لەسێدارەدانی جیهان لە ساڵی ٢٠٢١دا کە لەو نێوانەدا ئێران لە ساڵی ٢٠١٧وە تا ئێستا زۆرترین ئاماری لەو پەیوەندییەدا هەبووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەو ڕێکخراوەیە کە داکۆکی لە مافی مرۆڤ دەکات، لە ساڵی ٢٠٢١دا لانیکەم ٥٧٩ کەس لە ١٨ وڵاتی جیهان لە سێدارە دراون کە لەچاو ساڵی ڕابردوو ٢٠ لەسەد زیادی کردووە.
ڕێژیمی ئێران بە لانیکەم لەسێدارەدانی ٣١٤ کەس لە ساڵی ڕابردوودا، زۆرترین ئاماری لە ٤ ساڵی ڕابردوودا هەبووە، بە شێوەیەک ئەو ئامارە تەنیا لە ساڵی ڕابردووی زایینیدا ٢٤٦ کەس بووە.
ئەو ڕێکخراوەیە لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا باسی لەوە کردووە، ڕێژەی زۆری لەسێدارەدان کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ئەنجام دراوە پەیوەندیی بە سزای ماددەی سڕکەرەوە هەبووە.
ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی ئەو لەسێدارەدانانەی بە پێشێلکردنی لەڕادەبەدەری یاسای نێونەتەوەیی زانیوە و جەختی کردووەتەوە کە یاسای نێونەتەوەیی تەنیا ڕێگە بەو سزایانە دەدات کە بەئەنقەست مرۆڤ دەکوژن.
ئەو ئامارە وڵاتانیی "چین، کۆرەی باکوور و ڤییەتنام" ناگرێتەوە، چونکە ئەو ڕێکخراوەیە لەسەر ئەو بڕوایەیە ساڵانە لە "چین" هەزار کەس لەسێدارە دەدرێن.