کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی: ساڵی ٢٠١٩ ساڵی سەرکوت و بەرگری لە ئاسیادا بوو

17:24 - 10 رێبەندان 2719

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە دوایین ڕاپۆرتی خۆیدا ڕایگەیاندووە، ساڵی ٢٠١٩، ساڵی سەرکوت و بەرگری لە ئاسیادا بووە و لاوان ڕێبەرایەتیی خۆپیشاندانەکانیان کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نیونەتەوەیی کە ڕۆژی پێنجشەممە، ١٠ی ڕێبەندان، بڵاو کرایەوە، لاوان لە ساڵی ٢٠١٩دا لە سەرتاسەری ئاسیا، سەرەڕای سەرکوتی لەڕادەبەدەری ئازادیی ڕادەربڕین، خۆپیشاندانگەلێکیان بە شێوەیەکی ئاشتیانە بەڕێوە بردووە.

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی بە ئاماژەدان بەوەی کە زۆربەی دەوڵەتەکان لە هەوڵدان تا ڕەخنەگرانی خۆیان بە تۆمەتگەلێکی وەک: "پەیوەندی لەگەڵ بیانییەکان" سەرکوت بکەن، نووسیویە کە خۆپیشاندانەکان لە سەرتاسەری ئاسیا لە ساڵی ٢٠١٩دا بە توندوتیژی وڵام درایەوە، بەڵام ڕانەگیرا.

هەر لەو پەیوەندییەدا ئەو ڕێکخراوەیە لە ئامارە سەرەتاییەکانی خۆیدا کە بڵاوی کردەوە دەریخست کە لە ڕۆژەکانی ٢٥ تا ٢٨ی خەزەڵوەر لە ئێران، ٣٠٤ کەس کوژرابوون کە ١٢ کەسیان منداڵ بوونە.

لە خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەلوەری ئەمساڵ لە ئێران و کوردستان، ڕێژیم بە شێوەیەکی بەرین و بەوپەڕی دڕندەییەوە، خۆپیشاندەرانی سەرکوت کرد و هەژمارێکی زۆر لە خۆپیشاندەرانی بە شێوەگەلێکی بێڕەحمانە کوشت و ڕێژەیەکی زۆر لە خەڵکی بریندار و دەسبەسەر کرد.