کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی؛ ڕێژیمی ئێران کۆتایی بە سەرکوتکردنی ژنان بهێنێت

12:38 - 30 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی، داوای لە ڕێژیمی ئێران کرد، کە کۆتایی بە سەرکوتکردنی چالاکانی مافی ژنان لەو وڵاتەدا بهێنێت.

ڕۆژی پێجشەممە ۲۹ی خاکەلێوە، ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی، لە بەیاننامەیەکدا داوای لە ڕێژیمی ئێران و بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە کرد، کە کۆتایی بە هەڕەشەکردن، بانگکردن، گرتن و بەندکردن و هەموو شێوە سەرکوتکردنێکی چالاکانی مافی ژنان بهێنێت، بەتایبەتی ئەو ژنانەی کە لە هەمبەر حیجابی زۆرەملێ ناڕازین و ناڕەزایەتی دەردەبڕن و چالاکە گیراوەکانی مافی ژنان کە لە بەندیخانەکانی ئەو ڕێژیمەدان ئازاد بکرێن.

لە بەشێکی ئەو بەیاننامەیەدا، وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم، ژمارەیەکی زۆر لە چالاکانی مافی ژنانیان بانگهێشت و لێکۆڵینەوەیەکی زۆریان لێ کردوون، هاتووە: ڕێکخراوە ئیتلاعاتییەکان و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران، لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا، لە ڕێگای پەیوەندی تەلەفۆنییەوە هەڕەشەیان لە چالاکانی مافی ژنان کردووە و پێیانیان وتووە کە لە ئەگەری درێژەدان بە چالاکییەکانیان و ناڕەزایەتیدەربڕین لە هەمبەر حیجابی زۆرەملێ، دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەکان دەکرێن.

لەم پەیوەندییەدا، مەگدلینا مەغرێبی، جێگری ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئافریقا، لەم بارەیەوە وتوویەتی: "پێدەچێت ڕێژیمی ئێران ئەو هێرشانەی بۆ سەر ژنان، لە دژکردەوە بەرانبەر بە ناڕەزایەتییەکانی ژنان و بڕیارشکێنییە بوێرانەکانیان لە هەمبەر حیجابی زۆرەملێ و جموجووڵە جەماوەرییە ئاشتیانەکان و پەرەگرتنی ئەو ناڕەزاتییانە‌ ئەنجام دابێت تاکوو ژنان بێدەنگ و تەسلیم بکات".

لە بەشێکی تری قسەکانیدا وتوویەتی: بە تاوانبار ناساندنی ئەو ژنانەی کە لە هەمبەر حیجابێکی زۆرەملێی بیرتەسکانەدا کە بە هەڵاوادرنی ڕەگەزی و بە شێوەیەک هەڵسوکەوتی بێڕەحمانە ئەژمار دەکرێت، ناڕەزایەتی دەردەبڕن، کارێکی نامرۆڤانەیە و زیان بە کەرامەتی مرۆڤایەتیی ژنان دەگەیەنێت".

وێڕای ئەوەی کە ژنان لە کۆمەڵگای ئێراندا و لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی سەرەڕۆی ئیسلامیی ئێراندا، دوو بەرانبەر و چەند بەرانبەر دەچەوسێنە و پاش پێشێلکردنی مافە نەتەوەیییەکانیان، هەڵاواردنی ژنان بە هەموو شێوەیەک لە وڵاتی ئێراندا لە لایەن ڕێژیمەوە پەرەی پێ دراوە و سەرەتاییترین مافەکانی خۆیان کە حیجابی دڵخوازە لێ قەدەغە کردوون و ئەو ڕێژیمە حیجابی زۆرەملێی بە سەریاندا سەپاندووە.

لە بەرانبەر سەرڕۆییەکانی ڕێژیمی ئێراندا، لە هەمبەر پێشێلکردنی مافەکانی ژنان و بەتایبەتی بەیاساییکردنی حیجابی زۆرەملێ، ڕۆژانە ژنانی کۆمەڵگای ئێران و بەتایبەت ژنانی کوردستان، بە شێوەی جۆراوجۆر ناڕەزایەتی دەردەبڕن و بەم هۆکارە ناوەندە ئەمنییەتی و سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە هیچ هێرشێکی دڕندانە، دەستبەسەرکردن و گرتن، بەندکردن و ئەشکەنجەدان و ...، سڵیان نەکردووە.