کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی لێکۆڵینەوەی کشتوکاڵی ڕێژیمی ئێران دانی بە قاچاخی خاک لە ئێران دانا

12:24 - 17 سەرماوەز 2721

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٦ی سەرماوەز ڕێکخراوی لێکۆڵینەوەی کشتوکاڵی ڕێژیمی ئێران، قاچاخی "خاک" لە ئێران بۆ وڵاتانی ناوچەی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند، ڕێکخراوی دارستان و لێڕەوارەکان دەبێ لە "خاکـ"ـی سەرچاوە سروشتییەکان پارێزگاری بکات.

بەپێی ڕاپۆرتی یەکێک لە سەرچاوە هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، "حەمیدڕەزا پەیرەوان" سەرۆکی گرووپی ئەندازیاریی پاراستنی ئاو و خاکی ڕێکخراوی لێکۆڵینەوەی کشتوکاڵی ڕێژیم لە حاڵێکدا قاچاخی "خاک" لە ئێران بۆ وڵاتانی ناوچەی پشتڕاست کردووەتەوە کە هەتا ئێستا هیچ یەک لە بنکەکانی پەیوەندیدار ڕاپۆرتێکیان لەوبارەوە نەداوە.

بە وتەی کارناسانی کشتوکاڵ، قاچاخ و فرۆشتنی "خاک" لە ئێران باسێکی نوێ نییە و ماوەی چەند ساڵە کەسانی هەلپەرست بە پشتیوانیی ڕێکخراوی دارستان و لێڕەوارەکان لە ئێران خاک قاچاخ دەکەن.

قاچاخ و فرۆشی "خاک" لە کوردستان بەرفراوان ئەنجام دەدرێت و لەلایەن کەسانی سەر بە ڕێژیمەوە بە نرخێکی کەم بۆ شارە پێشەسازییەکان هەناردە دەکرێت.