کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران: لانیکەم ٣٢٤ کەس لە خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەردا کوژراون

11:26 - 30 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لە بەراوەردێکدا ڕاگەیاند کە لە خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەردا لانیکەم ٣٢٤ کەس لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە کوژاون کە ١٤ کەس لەم ڕێژەیە ژێر ١٨ ساڵ تەمەنیان بووە.

لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژی هەینی، ٢٩ی سەرماوەز لەلایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران کە لە وڵاتی نۆروێژ چالاکی دەکات، بڵاو بووەتەوە، هاتووە: "لە خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەردا لانیکەم ٣٢٤ کەس لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە کوژاون کە ١٤ کەس لەم ڕێژەیە ژێر ١٨ ساڵ تەمەنیان بووە".

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران وتوویەتی: "زۆرترین قوربانییەکان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران کوژراون و ئەم ئامارە بەهۆی ئەوەی کە لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانەوە ڕانەگەیەندراوە و هەروەها بەهۆی گوشار خستنە سەر بنەماڵەی کوژراوان، لە داهاتوودا دەگۆڕدرێت".

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لەم ڕاپۆرتە نوێیەی خۆیدا باسی لەوە کردووە کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەر و لە ڕۆژەکانی دوای خۆپیشاندانەکان، نزیکەی ١٠ هەزار کەس دەسبەسەر کراون.

ئەم ڕێکخراوە لە هەمبەر ئەوەی کە دەسبەسەرکراوان لە دۆخێکی نالەباردا بەسەر دەبەن، نیگەرانیی دەربڕیوە کە هەندێک لە دەسبەسەرکراوان لەژێر گوشاردان هەتا دانپێدانانی زۆرەملێیان لێوەربگرن و ئەگەری ئێعدامکردنیان هەیە.

 بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران تا ئێستا لە ڕاگەیاندنی ژمارەی کوژراوان و برینداربووانی خۆپیشاندانەکان خۆیان بواردووە و داواکاریی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەوانە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆلینەوەیەکی سەربەخۆ و ڕوون، قەبووڵ نەکردووە.