کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماری قوربانییانی لافاوی بڵاو کردەوە

18:29 - 3 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئامارێکدا، ژمارەی قوربانییانی لاوفای لە  کوردستان و ئێراندا بڵاو کردەوە.

بەپێی ئامارێک کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوی کردووەتەوە، لە چوار پارێزگای کرماشان، ئیلام، لوڕستان و خووزستان زیاترین زیان و خەسار بە خەڵکی ئەو چوار پارێزگایە گەیشتووە.

بەپێی ئەو ئامارە ١٠ میلیۆن کەس تووشی خەسار بوونە و قەرەبوویان بۆ نەکراوەتەوە.

٢ میلیۆن کەس پێویستیان بە یارمەتی خێرا هەیە.

٢٩٦ هەزار کەس شوێنی ژیانی خۆیان بەجێ هێشتووە.

٧٨ کەس گیانیان لەدەست داوە.

١ هەزار و ١٣٧ کەس بریندار بوونە.

بەپێی ئەو ئامارە ٣.٥ میلیارد دۆلار پێویستە هەتا قەرەبووی ئەو زیانانە بکرێتەوە.

پاش ئەوەی کە لە سەرەتای مانگی خاکەلێوە، لە ناوچەیەکی باکووری ئێران، ناوچەکانی پارێزگای خووزستان لە هەرێمی ئەهوازدا، ناوچەکانی پارێزگای لوڕستان، کوردستانی ڕۆژهەڵاتی و چەند ناوچەیەکی تری ئێران، لافاوێکی کارەساتبار و ماڵوێرانکەر ڕووی دا و زەرەر و زیانێکی زۆری بە خەڵکی ئەو ناوچانە گەیاند، ڕێژیمی سەرەڕۆی ئیسلامیی ئێران وەکوو سیاسەتی هەمیشەییی خۆی کە لە ڕووداوە کارەساتبارەکاندا کەڵکاژۆ وەر دەگرێت، ئەو ڕووداوەشی بە دەرفەتێکی گونجاو زانی و بە شێوەیەکی هەلپەرەستانە لە پێناو بەرژەوەندیی سیاسەتەکانی خۆی کەڵکاژۆی لەو ڕووداوەش وەرگرت.

دۆخە قەیراناوییەکان بەتایبەت لە چەند ساڵی ڕابردوودا نیشانی داوە، کە ڕێژیمی ئێران بۆ چارەسەریی کێشەکانی خەڵک هیچ کارێک ناکات و دەستەوەستان سەیری نەهامەتی و کێشەکانی خەڵک دەکات، کە ئەمە خۆی یەکێک لە گرینگترین هۆکارەکانی پشتکردنی خەڵک لە ڕێژیم و ناڕەزایەتیدەربڕین بە حاکمییەتی ئێستەی ئێرانە.