کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان باس لە کوژرانی ژنان بە دەستی بنەماڵەکانیان دەکات

18:35 - 17 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە ٥٠ هەزار ژن و کچ بە دەستی بنەماڵە و خێزانەکانیان کوژراون.

ڕاپۆرتی بڵاوکراوی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بۆ ساڵی ٢٠١٧، سەبارەت بە کوشتنی ژنان و کچان هاتووە  کە قاڕەی ئاسیا مەترسیدارترین قاڕە بۆ ژیانە و لە هەموو جیهاندا کوشتنی بەئەنقەست یان نائەنقەست هەموو ساڵێک گیانی ٤٦٤ هەزار کەس دەستێنێت.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە: بارودۆخێک کە تێیدا ژنان و کچان گیانیان لە دەست داوە جێگای سەرنجی زیاتری ئەم ڕاپۆرتەیە، چوونکە ٨٧ هەزار ژنێک کە لە ساڵی ٢٠١٧دا بە ئەنقەست یان نائەنقەست کوژراون هەموو بکوژەکانیان خێزان، بنەماڵە یان هاوسەرەکانیان بوونە.

هەروەها ئاماژە کراوە کە ئەو کەسانەی کە بە دەستی هاوسەرەکانیان کوژراون بێ ئاگاداری پێشوەختە کوژراون و زیاتریش هۆکارەکەیان ترس لە جیابوونەوە و ئێرەیی بووە.

هەر لەم پەێوەندییەدا ئاماری کوشتنی ژنان و کچان لە  ئێرانیشدا لە لایەن بنەماڵەکانیانەوە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت؛ زۆربەی ئەو کچانەی کە لە ئێراندا بە دەستی برا یان باوکیان دەکوژرێن کەسانێکی خوارەوەی تەمەن ١٨ ساڵن.

جیا لە قەتڵە نامووسییەکان، خۆکوژیەکانیش ئێستاکە لە نێوان تاکەکانی ئێراندا و بەتایبەت لە نێوان ژنان و کچاندا ڕووی لە زیادبوون کردووە و کاربەدەستانی ڕێژیم و ناوەندە پێوەندیدارەکانیش هیچ هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی ئەم کێشە و قەیرانانە نادەن.