کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران نیگەرانیی دەربڕیوە

09:01 - 1 پووشپەڕ 2722

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نوێترین ڕاپۆرتیدا، سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەوانە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە مەدەنییەکان، بەرزبوونەوەی ڕێژەی بەرچاوی لەسێدارەدان و ڕێژەی زۆری گیانلەدەستدانی بەندکراوەکان بەهۆی ئەشکەنجەوە، نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، تەنیا لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵی زایینی لانیکەم ١٠٥ کەس لە ئێران ئێعدام کراون.

ڕۆژی سێشەممە "ندا ئەلناشف" جێگری کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، وردەکاریی ئەو ڕاپۆرتەی ڕادەستی کۆبوونەوەی شورای ئەو ڕێکخراوەیە کرد، هەروەها ناوبراو پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی لە ئێران مەحکووم کرد.

"ئەلناشف" زیادی کردووە: "لە مانگەکانی ئاپریل و مێی ٢٠٢٢دا لانیکەم ٥٥ کەس، لەوانە مامۆستایان، دادوەرەکان، چالاکانی مافی کرێکاری و خوێندکارانی بەرچاوی زانکۆ لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکاندا دەسبەسەر کراون و زۆربەیان لەگەڵ هەڕەشەی ئەمنییەتی ڕووبەڕوو بوونەتەوە".

ئەو ڕاپۆرتە هەروەها باسی سەرکوتکردنی وەرزێڕانی لە "ئیسفەهان" کردووە کە بەهۆی کەمیی ئاو ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو و پاشان لە مەودای نزیکەوە دراونەتە بەر هێرشی چەکی ساچمەیی و زۆربەیان بریندار بوون، لەوانە ٤٠ کەسیان نابینا بوون کە زۆرینەیان ژن و کەسانی بەساڵاچوو بوون.