کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، هێرشی سەر نەوتکێشەکانیان مەحکووم کرد

12:51 - 4 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەیاننامەیەکدا سەرەڕای مەحکوومکردنی هێرش بۆ سەر نەوتکێشەکانی دەریای عومان، خوازیاری کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لە گەرووی هورمۆزدا بوون.

ڕۆژی دووشەممە، ٣ی پووشپەڕ، دوای دانیشتنێکی نهێنیی شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەیاننامەیەکدا تەقاندنەوەی دوو نەوتکێشەکەیان لە دەریای عوماندا مەحکووم کرد و ئەم جۆرە هێرشانەیان بە هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر بواری وزە، ئاشتی و ئەمنییەتی نێونەتەوەیی زانیوە.

هەرچەندە دوای ڕوودانی تەقاندنەوەی ئەو دوو نەوتکێشە لە دەریای عوماندا، دەوڵەتی ئامریکا بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ و دیکۆمێنت، ڕێژیمی ئێرانی بە ئەنجامدانی ئەم تەقینەوانە تاوانبار کردووە، دوابەدوای ئامریکاش، وڵاتانی بریتانیا، نۆروێژ و ئیسرائیل و چەند وڵاتێکی دیکە ڕێژیمی ئێرانیان بە تاوانبار زانیوە، بەڵام ئەندامانی شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە لە بەیاننامەکەیاندا ناوێک لە ڕێژیمی ئێران نەبەن.

وێدەچێت نەهێنانی ناوی ڕێژیمی ئێران، وەک ئەنجامدەری ئەم هێرشە، بۆ ڕێگرتن بێت لە زیادکردنی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە.

لەدوای تەقاندنەوەی ئەم دوو نەوتکێشە لە دەریای عوماندا، دەوڵەتی بریتانیا ڕایگەیاند کە هێز بۆ پاراستنی کەشتییە نەوتییەکانی ڕەوانەی کەنداو دەکات و هەروەها ئامریکاش هەواڵی زیادکردنی هێزە نیزامییەکانی لە کەنداودا ڕاگەیاند.