کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێشێلکردنی بەربڵاوی مافی مرۆڤ لە ئێرانی مەحکووم کرد

11:51 - 27 خەزەڵوەر 2721

ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی خەزەڵوەر، کۆمیتەی سێهەمی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە پەسەندکردنی بڕیارنامەیەک، پێشێلکردنی ئاشکرا و سیستماتیکی مافی مرۆڤ لە ئێرانی مەحکووم کرد.

ئەو بڕیارنامەیە بە ٧٩ دەنگی ئەرێنی و ٣٠ دەنگی نەرێنی و ٧١ دەنگی بێ لایەن پەسەند کرا.

کۆمیتەی سێهەمی کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو بڕیارنامەیەدا زۆرێک لەو سزایانەی کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دەر دەکرێن بە جێگای نیگەرانیی جیددی وەسف کردووە کە بریتین لە: "حوکمی ئێعدام، دەسبەسەرکردنی بەربڵاو و سیستماتیک و سەرەڕۆیانە، بێبەشکردنی بەئەنقەستی زیندانییان لە دەستپێڕاگەیشتن بە دەرمان و خزمەتگوزاریی پزیشکی، هەڵسوکەوتی نەشیاو لەگەڵ زیندانییان، ئازار و تۆقاندنی دژبەران و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، کەڵکوەرگرتن لە ئەشکەنجە بۆ دانپێدانان و مەرگی گوماناویی زیندانییان".

لەو بڕیارنامەیەدا نیگەرانیی جیددی لەمەڕ درێژەدانی سزای ئێعدام لە سیستمی کۆماری ئیسلامیی ئێران  بۆ کەسانی ژێر تەمەنی یاسایی دەربڕاوە و داوا لە ڕێژیمی ئێران کراوە ئەو تاوانانە ڕابگرێت.

لەو بڕیارنامەیەدا لەسەر پێویستیی لێکۆڵینەوەی جێی متمانە، سەربەخۆ و بێ لایەنانە لە کاردانەوە بە هەموو حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران، یەک لەوان بێسەروشوێنکردنی زۆرە ملێ، ئێعدامە نایاساییەکان و سڕینەوەی ئاسەواری ئەو چەشنە تاوانانە جەخت کراوەتەوە و داوا کراوە بڕیاردەرانی ئەو تاوانانە لە ڕێژیمی ئیراندا نابێ مافی پارێزاوییان هەبێت.