کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی ئیسرائیل پەیامی پیرۆزبایی بۆ حیزبی دێموکرات نارد

12:52 - 26 گەلاوێژ 2720

بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ ڕێکخراوی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی ئیسرائیل پەیامی پیرۆزبایی بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران نارد.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

بەڕێز حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٧٥ ساڵ لەمەوپێش، حیزبە تێکۆشەرەکەتان لە ساڵی ١٩٤٥دا، لە شاری مەهاباد دامەزراوە، ئامانجی ئێوە لە دامەزراندنی ئەو حیزبە مۆدێڕنە، خەبات و تێکۆشان بووە  بۆ گەیشتنی کورد بە سەربەستی، ئاواتێک کە خەڵکی ئیسرائیلیش هەردەم لەپێناویدا هەوڵیان داوە. خەڵکی کورد هەزاران ساڵە لەسەر خاکی باب و باپیرانی خۆیاندا، واته کوردستان ژیاون و دەژین. هەر بۆیە مافی ئەوەیان هەیە وەک هەر نەتەوەیەکی دیکە، خاوەن وڵاتی سەربەخۆی خۆیان بن. لەگەڵ ئەوەش ئێمە ڕێز لە ئێوە و بڕیارەکانتان دەگرین کە بەهۆی بارودۆخی سیاسیی جیهان و ناوچەکە، داوای پێکهێنانی ئێرانێکی دێموکراتیکی فێدراڵ دەکەن.

خەڵکی ئیسرائیل و خەڵکی کوردستان، لە داهاتووی سیاسیی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هاوچارەنووسن و پێکەوە دەتوانن هەوڵ بدەن لەپێناو دروستبوونی هاوپەیمانیەتییەکی بەهێز.

لە کۆتاییدا، پەیامی ئێمە بۆ ئێوە ئەوەیە کە قەت لەپێناو وەدیهاتنی ئاواتە بەرزەکانتاندا بێ هیوا مەبن، هەر وەک چۆن گەلی ئیسرائیل بێ هیوا نەبوون هەتا بە سەرکەوتن گەیشتن.

دیسان پیرۆزبایی ئەم ڕۆژەتان لێدەکەین و هیوای سەرکەوتنتان بۆ بە ئاوات دەخوازین!

ڕێکخراوی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی ئیسرائیل