کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی ژینگەپارێزانی پیرانشار ئاگادارییەکی بڵاو کردەوە

17:41 - 25 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی ژینگەپارێزانی پیرانشار بەنیسبەت ئاگرکەوتنەوەکانی ئەم دواییانەی دارستانەکان و پووش و پاوانەکانی ناوچەکە ئاگادارییەکیان بڵاو کردەوە.

ڕێکخراوی ژینگەپارێزانی پیرانشار، لە ڕاگەیەندراوێکدا بەنیسبەت ئاگرکەوتنەوەکانی ئەم دواییانەی دارستانەکان و لێڕەوارەکانی کوردستان، ئاگادارییەکیان ڕوو لە خەڵکی کوردستان بڵاو کردەوە و داوایان لە خەڵک کرد تا لە هەمبەر پاراستنی ژینگەی کوردستان بێخەم نەبن.

لەم ئاگادارییەدا هاتووە کە ناوچەی زاگرۆس زیاتر لە ٤٠ لەسەدی ڕووبەری هەموو دارستانەکانی ئێران لە خۆی دەگرێت و لەو بڕە دارستانەشدا پشکی شێر وەبەر کوردستان دەکەوێت.

هەروەها باس لەوە کراوە کە بارینەکانی ئەمساڵ لەچاو ساڵانی ڕابردوو ژینگەی کوردستانی بژوێنتر کردووە، کوێستانەکان خەمڵیون و ئەوەش مەترسیی زیاتری هەیە بۆ گڕگرتن و کۆنترۆڵی ئاگرەکانیش ئەستەمتر دەبێت.

ئەو ڕێکخراوە لە درێژەی ئاگادارییەکەدا نووسیویەتی: "زۆریی دارستان و پووش و پاوان لە کوردستان، سەرەڕای هەبوونی ئۆرگانەکانی پێوەندیدار بە پاراستنی ژینگە، بەڵام بێ بودجەیی، هێزی مرۆیی کەم و نەبوونی ئامراز و کەرەستەی ئاگرکوژێنەوە لەو بەشە، ئەرکی دانیشتووانەکەی و بە تایبەت ژینگەپارێزان قورستر دەکات و پێویستە هوشیارانە هەڵسوکەوت لەگەڵ ژینگە و ئەو شوێنانەی مەترسیی ئاگرگرتنیان لە سەرە بکەین."

لەم پێوەندییەدا بۆ پێشگرتن لە ئاگرکەوتنەوەکان، چەند خاڵیان پێشنیار کردووە، لەوانە : "ئاگر نەکردنەوە لە شوێنە بژوێنەکان"، "کوژاندنەوە و ئەرخەیان بوون لە کوژاندنەوەی ئاگرەکە"، "فڕێنەدانی شووشە و ئەو زبڵانەی کە لە گەرمادا دەبێتە هۆی ئاگرکەوتنەوە"، "سەرەڕای هەوڵی خۆبەخشانە، ئاگادارکردنەوەی ڕێکخراو و ناوەندە ژینگەپارێزییەکان لە کاتی ئاگرکەوتنەوەدا".

لە کۆتاییشدا، داوایان لە ئەندامان و هاووڵاتییان کردووە بۆ هەر ڕووداوێکی نەخوازراوی لەو چەشنە ئامادە بن و لە کاتی ئاگرکەوتنەوەکاندا فریای بکەون با چیتر جەستەی نیشتمان تووشی خەسار و زامداری نەبێت.