کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی ژینگەپارێزانی پیرانشار و کێلەشینی سەوزی زاگرۆس هەڵمەتێکی هاوبەشیان بەڕێوە برد

11:46 - 11 خەزەڵوەر 2721

 ڕۆژی هەینی ٧ی خەزەڵوەر، لەژێر دروشمی ''داهاتوو و گۆڕانی بنچینەیی له ڕوانگە و هزری کۆمەڵگە لەمەڕ ژینگە، به مەبەستی یەکڕیزی و گفتوگۆ لەسەر دۆخی هەنووکەی ژینگە و لێکدانەوەی ڕێکارەکان''، هەڵمەتێکی هاوبەشی ڕێکخراوی ژینگەپارێزانی پیرانشار و کێلەشینی سەوزی زاگرۆس (ژینکۆ) لە لێڕەواری خدراوێ بەڕێوە چوو.

هەڵمەتەکە بە ڕاگەیاندنی ساتێک بێدەنگی بۆ بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی ژینگەی کوردستان دەستی پێ کرد و دواتر پەیامی بەخێرهاتنی میوانانی شنۆ لەلایەن ژینگەپارێزانی پیرانشار خوێندرایەوە.

پاشان ڕێکخراوەی کێلەشینی سەوزی زاگرۆس لە پەیامێکدا، ئەو میواندارییەی بەرز نرخاند و بە دەرفەتی زانی پەیامێک ئاراستە بکات. دواتر کات درا به باسێک لەژێر ناوی ''خەسارناسیی ڕەوت و هەندێک ئاکاری ژینگەپارێزی''. هەروەها ئەدەبدۆستاتی هۆبەی شاعیرانی پیرانشاریش پەیامیان له چوارچێوە و ڕوانگەی ئەدەبی بە ڕەهەندی ژینگەپارێزییەوە پێشکەش کرد.

لە بەشی کۆتایی کۆبوونەوەکە، پەیامی هاوبەشی هەر دوو ڕێکخراوەکە خوێندرایەوە که هەڵگری پەیامی قەیرانەکانی ئێستا و خەسارە ژینگەییەکان و هێندێک ڕێکار بوو‌.

لە بەشێک لەو پەیامەدا باس لەسەر ڕەهەندێکی دیکەی جێی تێڕامان کرا کە ڕاگواستنی ئاوەکان جیا لە تێکدانی ژینگە، کاریگەریی نەرێنیی کۆمەڵایەتیی لێ دەکەوێتەوە و ئەگەری شەڕ و کێشەی نێوان شارەکان و هەروەها کۆچی ناچاریی خەڵکی ناوەڕاستی ئێران بۆ باکووری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بەتایبەتی لێ دەکەوێتەوە کە مەترسیی هەرە گەورە لەسەر گۆڕینی دێمۆگرافیای ئەو ناوچانە بەدی دەکرێت.