کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی ژینگەپارێزانی پیرانشار چالاکییەکی ژینگەییان بەڕێوە برد

12:35 - 14 خاکەلێوه 2721

ڕێکخراوی ژینگەپارێزانی پیرانشار، ڕۆژی هەینی ١٣ی خاکەلێوە لە چالاکییەکی ژینگەییدا ١٥ کەویان ڕزگار کرد و ٤١ دەسک داویان سووتاند.

ڕۆژی هەینی ١٣ی خاکەلێوە، ڕێکخراوی ژینگەپارێزانی پیرانشار، پاش چاوەدێریکردنی وردی ئەو ڕێکخراوەیە بەسەر چەند ڕاوچییەکدا کە ماوەی دوو ڕۆژ بوو خەریکی ڕاوکردنی کەو لە کوێستانەکانی "ترکەشی شێخی" بوون، توانییان بیانخەنە بۆسەوە و ڕایانگرن.

ئەو ڕێکخراوەیە پاش قسەکردن لەگەڵ ڕاوچییەکان و پێدانی ڕێنوێنی پێیان لەبارەی مەترسییەکانی سەر ژینگە و چۆنیەتیی پاراستنی، بایەخی بوونی ئاژەڵە کێوییەکان لە ئێکۆسیستەمدا و هەروەها بایەخی گیانی ئاژەڵان و خۆشەویستییان بۆ ژیان، توانییان ڕاوچییەکان بهێننە سەر ئەو باوەڕەی کە ڕاوچییەکان بە دڵخوازی خۆیان کەوەکان و تەنانەت داوەکانیشیان ڕادەستی ئەو ڕێکخراوەیە بکەن.

پاش ڕادەستکردنی کەوەکان کە ژمارەیان ١٥ کەوی ڕاوکراو بوون، بەشداریی کۆمەڵێک کەس و ئامادەبوونی منداڵان وەک داهاتووی نیشتمان هەموو کەوەکان گەڕێندرانەوە باوەشی ژینگە.

دوای ئازادکردنی کەوەکان، سەرجەم داوەکانیش بۆ ئەوەی کە دووبارە نەکەونەوە دەستی ڕاوچییان سووتێندران.