کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی گەشتیاریی جیهانی: ڕێژەی هاتنی گەشتیاران بۆ ئێران بە ٥/١ دابەزیوە

13:12 - 20 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا:  گەشتیاری لە ئێراندا بووەتە قوربانی سیاسەتە هەڵەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران.

ڕێکخراوی گەشتیاریی جیهانی، لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا باس لە دابەزینی ئاستی گەشتیاران لە ساڵی ڕابردوودا دەکات، کە بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە ساڵی ڕابردوودا  گەشتیار لە ئێراندا بە ڕێژەی  ٥/١ کەمی کردووە، بە شێوەیەک کە لە ساڵی ٢٠١٦ـەدا ٤ میلیۆن و ٩٤٢ کەس سەردانی ئێرانیان کردووە، کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠١٧ ئەم ڕێژەیە بۆ ٤ میلیۆن و ٨٦٧ هەزار کەس کەمی کردووە.

گەشتیار و گەشتیاری کە لە زۆر وڵاتانی جیهانیدا وەک شێوازێکی سەرەکی بۆ دابینکردنی بوودجەی وڵات لێی دەڕوانن، ساڵانە بەردەوام لە ڕاستای فراوانکردنی ئەم  پیشەیەدا کار دەکەن،  بەڵام ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران سەرەڕای بوونی شوێنی گەشتیاری و ئاسەواری مێژوویی لەو وڵاتەدا هیچ کارێك بۆ زیادکردنی ڕێژەی گەشتیاران ناکات و هیچ هەنگاوێک هەڵناگرێت.

هۆکاری دابەزینی ئاستی گەشتیاران بۆ ئێران دەتوانێت بۆ نەبوونی سیاسەتێکی دیار لەم بوارەدا و نائەمنییەکانی نێوخۆی وڵاتی ئێران و هێرشکردنە سەر کونسۆلخانەی وڵاتانی دیکە لە لایەن بەسیج و بەکرێگیراوانی ڕێژیمەوە بگەڕێتەوە، هەروەها  گرتنی گەشتیاران و دەسبەسەرکردنیان لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ وڵاتانی بێگانە، بووەتە هۆی ترساندنی گەشتیاران و دابەزینی بەرچاوی ڕێژەی گەشتیاران بۆ ئەم وڵاتە.