کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی یەکیەتیی فەدائیانی خەڵکی ئێران، تۆپبارانی سنوورەکانی کوردستانیان مەحکووم کرد

12:28 - 30 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی یەکیەتیی فەدائیانی خەڵکی ئێران، لە بەیاننامەیەکدا سەرەڕای مەحكوومکردنی تۆپبارانی سنوورەکانی کوردستان و بەداخبوونیان بە بۆنەی شەهیدبوونی دوو پێشمەرگەی کوردستان، هاوخەمییان لەگەڵ حیزبی دێموکرات دەربڕی.

دەقی ڕاگەیاندراوەکەیان بەم چەشنەیە:

بەپێی ڕاگەیەندراوە بڵاوکراوەکان لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، ناوچەی "حاجی عۆمەران" و بەشێک لە ناوچە سنوورییەکانی "هەرێمی کوردستان"، ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی پووشپەڕی ١٣٩٧ کەوتنە بەر هێرشی توندی تۆپخانەکانی ئەرتەشی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، لەم هێرشانەدا بەداخەوە دوو کەس لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گیانیان لەدەست دا.

هەروەها وتراوە کە ڕێژیمی ئیسلامی، کەڵکی لە گوللـەی "فسفۆڕی" وەرگرتووە، بەپێی  ڕێککەوتنە نێونەتەوەییەکان، بەکارهێنانی ئەم چەکە قەدەغەیە و سەرەڕای ئەمە، زیانی قەرەبوو نەکراوە لە سروشت دەدات.

بێگومان بارودۆخی شێواوی نێوخۆی ئێران و پەراوێزخستنی زیاتری ڕێژیمی ئێران لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا، لە هۆکارگەلێکن کە بەرپرسانی ڕێژیمی ناچار کردووە، هەتا بەم جۆرە جەنایەت و دەسدرێژیکردنانە، شکستەکانی خۆیان بشارنەوە و وڵامێکی ڕەزیلانە بەوەی کە لە باکووری عێراق دژی  ڕێژیمی ئیسلامی لە ئارادەیە بدەنەوە؛ غافڵ لەوەی کە ئەم هەوڵە نەزۆکانە نە تەنیا نابێتە هۆی درز تێکەوتن لە ئیرادەی کۆمەڵانی خەڵک بۆ خەباتکردنی دژی زوڵم و ستەمەکانی ڕێژیمی ئیسلامی، بەڵکوو زیاتر لە پێشتر بیری گشتی دراوسێیەکانی ئێران، کۆمەڵگای نێونەتەوەیی لە شوناس و چییەتی ڕێژیمی ئێران هۆشیارتر دەکاتەوە و ڕێژیم تووشی داڕمانی زیاتر دەکات.

ئێمە سەرەڕای مەحكوومکردنی توندی ئەم تۆپبارانانە، سەرەخۆشی خۆمان لە بنەماڵە و نزیکانی دوو پێشمەرگەی حیزب و هەموو ئەندامان و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەکەین و هاوخەمیی خۆمان ڕادەگەیەنین.  هەروەها یەکگرتووییی خۆمان لەگەڵ خەڵکی بێدیفاعی ئەم ناوچانە و هەرێمی کوردستان ڕادەگەیەنین، داوا لە بیروڕای گشتی و هەموو ناوەندە نێونەتەوەیییەکان دەکەین، کە لە بەرانبەر ئەم کارە نایاسایی و دەسدرێژیکارانە بێدەنگ نەبن و دەنگی ناڕەزایەتییان بەرزتر و ڕوونتر بێت.