کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوە دێموکراتیکەکانی کوردستانی ئێران شانۆی هەڵبژاردنەکانیان بایکۆت کرد

19:10 - 25 جۆزەردان 2721

لە درێژەی بایکۆتی بەناوهەڵبژاردنەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لەلایەن چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا کۆمیتەی هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە دێموکراتیکەکانی کوردستانی ئێران شانۆی هەڵبژاردنەکانیان بایکۆت کرد.

دەقی ڕاگەیاندراوەکە بەم چەشنەیە:

خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!

چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگای کوردەواری!

لەکاتێکدا بەرەوبەڕێوەچوونی شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەڕۆین کە بە دەیان جار ئەزموونی شانۆی بەناو هەڵبژاردنەکان دەریخستووە کە ستەم و داگیرکاریی ئەو دەسەڵاتە ناڕەوا و دیکتاتورییە هەر ڕۆژە زیاتر پەرە دەستێنێت و لە ژێر ئەو دەسەڵاتە توتالیترییە کە هیچ بنەمایەکی دێموکراتیک پەیڕەو ناکات و بەتەواوەتی دژی گەلییە؛ هیچ کات بەرژەوەندیی خەڵک و کەرامەتی ئینسانی لەبەرچاو نەگیردراوە.

شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم تەنیا چەواشەکارییە و پێکهێنانی کەشێکی تەماوی لە سەرتاسەری جوغرافیای ئێران و بەتایبەت کوردستانە بۆ کەڵکاژۆوەرگرتن لە دەنگی خەڵک و سەپاندن و ڕەواییدان بە دەسەڵاتی خۆیان بەسەر نەتەوەکانی ئێران و گۆڕینی ڕای کۆمەڵگای جیهانییە بۆ شاردنەوەی ستەمەکانی بەسەر خەڵکدا.

بەناو هەڵبژاردنەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نەتەنیا هیچ ئاکامێکی لەپێناو بەختەوەری و خزمەتگوزاری نەبووە، بەڵکوو یەکێک لە سەرچاوەکانی سەرهەڵدانی قەیران و گرفتەکان بووە بەسەر خەڵکدا و ڕۆژ نییە لە ئاکامی ئەو قەیرانانە و سەرکوتکردنەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردەواری خەڵکانێک نەبنە قوربانی.

لەم بارودۆخەدا خەڵکی کوردستان بۆ دووپاتکردنی دەنگی "نا"ی خۆیان بۆ دەسەڵاتداریی ڕێژیمی پەت و سێدارە، دەبێت وەکوو هەمیشە بە بایکۆتکردنی شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم هاواری ڕزگاریخوازانەی خۆیان بە گوێی نەتەوەکانی دیکەی نێو جوغرافیای ئێران و کۆمەڵگای جیهانی بگەینن.

کۆمیتەی هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە دێموکراتیکەکانی کوردستانی ئێران، هاودەنگە لەگەڵ خەڵکی کوردستان بۆ بایکۆتکردنی شانۆی هەڵبژاردنەکانی و بەردەوامیی خەبات بۆ ئازادی و پاراستنی کەرامەتی ئینسانی خەڵکی تێکۆشەری کوردستان و نەتەوەکانی ئێران.

سەرکەوتن بۆ بزاڤی ڕزگاریخوازیی کورد.

بڕووخێت سیستمی داگیرکاریی داگیرکەرانی کوردستان

کۆمیتەی هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە دێموکراتیکەکانی کوردستانی ئێران (یەکیەتییەکانی خوێندکاران، ژنان و لاوانی دێموکراتی کوردستان)

٢٥ی جۆزەردانی ٢٧٢١ی کوردی