کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوە ناحکوومییەکان ئیرادەیان لە پشتە!

18:26 - 12 پووشپەڕ 2722

ئاسۆ مینبەری

لە ڕۆژانی رابردوودا، باس لە ئەگەری پەسەندکرانی گەلاڵەیەک کرا کە بەپێی ئەو گەلاڵەیە ڕێژیم دەیهەوێ چالاکیی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان بەگشتی سنووردار بکاتەوە.

بەپێی ئەم گەڵاڵەیە کە ڕەشنووسەکەی لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی مەجلیسی ڕێژیمەوە ئامادە کراوە، کار و چالاکییەکانی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمەوە دەخرێتە ژێر چاوەدێری و کۆنترۆڵی زیاترەوە، بەڵام زیاتر بۆ، چونکە ئەمە ڕووداوێکی نوێ نییە، بە درێژایی ئەو ساڵانەی کە ڕێکخراوە ناحکوومییەکان کار و چالاکییان کردووە، گوشارەکانیش بۆ پێشگرتن لە تێکۆشان و کاروبارەکانیان هەر بەردەوام بووە.

بەڵام ئەوەی کە خاڵی گرینگ و بەرچاوی ئەم ڕەشنووسەیە ئەوەیە کە دەیانهەوێ چی بکەن؟

ئەوەی کە ڕوون و ئاشکرایە ئەم کەتوارەیە کە بە هەبوونی رێکخراوە ناحکوومییەکان یان باشتر بڵێین دامەزراوە و "NGO"کان لە شارەکانی ئێراندا و بەتایبەتیش لە کوردستان، ڕێژیم تووشی کێشەیەکی قووڵ و بنەڕەتی بووەوە، هەرچەند کە هیچکام لەم دامەزراوە و NGO""یانە هەر لە دامەزرانەوە هەتا ئەو کاتەی کە چالاکییەکانیان دەگاتە لووتکەی خۆیەوە لە ژێر چاوەدێری و کۆنتڕۆڵی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی ڕێژیم و ناوەندە پێوەندیدارەکاندان بەڵام بەم حاڵەشەوە بەردەوامن لە تێکۆشان بۆ گەیشتن بەو ئامانجانەی کە لە چوارچێوەی ئەساسنامە و پرۆگرامی ڕێکخراوەکەیاندا دیارییان کردوون، جا ئەم ئامانجە گەشەی کۆمەڵایەتی بێ، یان فەرهەنگی یان گەشەپێدان لە هەر بیاڤێکی دیکە کە کۆمەڵگای بەردەنگ پێویستی پێیەتی.

بەڵام وەک هەمیشە دۆخەکە بۆ ئەو کەسانەی کە لە کوردستاندا دەژین و لە چوارچێوەی ڕێکخراوەکانی کوردستاندا کاریان کردووە، جیاوازە!

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هەمیشە بەنیسبەت کوردستان ڕوانگەیەکی ئەمنیەتیتری هەیە، هەر بۆیە هەرچەشنە چالاکییەک کە لە کوردستاندا دەکرێت لە لایەن ڕێژیمەوە هەوڵی سنووردارکردنەوەی زیاتری دەدرێت. لەم چوارچێوەیەدا چالاکییەکانی ڕێکخراو و دامەزراوەکانیش بەچڕی دەکەونە ژێر کاریگەریی بیری داگیرکەرانەی ڕێژیمەوە.

ئەو کەسانەی کە لە چوارچێوەی ڕێکخراوەکانی کوردستاندا کاریان کردووە، ئاگادارن کە چۆن هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی دەسپێکردنی هەوڵەکان بۆ دامەزران و تۆمارکردنی دامەزراوە یان ڕێکخراوێک جا چوارچێوەی کارییەکەی هەرچی بێت، چۆن ڕێژیم و ناوەندە پێوەندیدارەکانی دەکەونە خۆیان تا گەورەترین بەربەستەکانیان بۆ درووست بکەن، کە بۆ ئەم مەبەستەش کۆمەڵێک فیلتەری جیاواز دادەنرێت کە تێپەڕبوون لەم فیلتەرانە پێویستیی سەرەکی بۆ دەسپێکردنی چالاکییەکانیان دەبێ. یەکێک لەم فیلتەرانە کە بێگومان ئەندامانی دامەزرێنەری هەر ڕێکخراوێک لە کوردستان لەگەڵی بەرەوڕوو بوونەتەوە، فیلتەری ئیتڵاعاتی ڕێژیمە! هەموو ئەندامانی دامەزرێنەر کە لە ڕەشنووسی سەرەتاییدا داوای مۆڵەت بۆ دامەزراندنی ڕێکخراوێک دەکەن، دەبێ بەداداچوونێکی تەواو بۆ پێشینەی سیاسییان بکرێت و ئەگەر توانییان لە هەموو فیلتەرەکانی ڕێژیمەوە تێپەڕن، ئەو کاتەیە کە دەتوانن هەنگاوەکانی دیکەی گەیشتن بە ئامانجەکەیان هەڵبگرن.

ئەمە راستییەکی بێ ئەملاوئەولایە کە سەرەڕای هەموو گوشارەکان بۆ سەر چالاکانی ئەم بوارە و سەرەڕای هەموو بەربەستەکان دیسانیش ڕێکخراوەکان بەردەوامن. بەڵام هۆکار چییە؟

باش دەزانین کە ڕێژیم چۆن بە بێزارکردنی تاکەکانی کۆمەڵگا و بە درووستکردنی لەمپەری بەردەوام هەوڵ دەدات تاکوو تووشی دابڕانیان بکات و وەکوو مرۆڤگەلێکی گوێڕایەڵ بە پێی ئامانج و ئیدئۆلۆژیی خۆی هەڵیانسووڕێنێ. بەڵام بێگومان ئامانجێکی گەورە هەیە کە سەرەڕای هەموو ئەمانە وا دەکات کە چالاکان لە تێکۆشانەکانیان بەردەوام بن.

بێگومان هەر ڕێکخراو و دامەزراوەیەک بۆ ئامانجێکی تایبەت دادەمەزرێت کە بە دڵنیاییەوە ئەم ئامانجە لە بیرکردنەوە و تێڕامانێکی قووڵەوە سەرچاوەی گرتووە، تێڕامان لە دۆخی هەنووکەیی کە بووەتە گەورەترین و بەهێزترن پاڵنەر بۆ ئەوەی کە تاکەکانی کۆمەڵگا وشیارانە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان هەنگاو هەڵبگرن و بیر لە سازماندانی کار و چالاکییەکان لە چوارچێوەی ڕێکخراوێکدا بکەنەوە کە هاوبیربوون و هاوڕێگابوون لەگەڵ ئەندامەکانی دیکەی ئەو ڕێکخراوە بێگومان لە سەرکەوتن و گەیشتن بە ئامانجەکانیشیان نزیکتریان دەکاتەوە.

چەندین ساڵە کە جۆرە جیاوازەکانی دامەزراوە ناحکوومییەکان بە ئەنجامدانی چالاکیی ژینگەپارێزی، چالاکیی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی، چالاکی لە بواری ژنان، چالاکی بۆ مافی منداڵان و بە دەیان بیاڤی دیکە لە هەوڵی گەشەپێدانی کۆمەڵگا و ڕۆشنبیرکردنەوەی کۆمەڵگادان، بەڵام لەپاڵ چالاکیی ماندوونەناسانە و لەخۆبوردووانەی چالاکانی کۆمەڵگادا بێگومان ڕێژیمیش بێدەنگ دانەنیشتووە، زۆرجار بە کەڵکوەرگرتن لە مۆرەکانی خۆی، هەوڵی داوە بە درووستکردنی ڕێکخراوی سێبەر کار و چالاکیی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگا تووشی کێشە و وەستان بکات، یان زۆرجاریش بە دزەکردنە نێو ڕێکخراوەکان هەوڵی داوە تەبایی و هاودەنگیی گرووپەکە لە نێو ببات و بە نانەوەی ئاژاوە و دووبەرەکی ئەو دامەزراوە لە ئامانجەکانی دوور بخاتەوە؛ چونکە بەپێی ئێدئۆلۆژی و باوەڕی ئەم ڕێژیمە، هەر کار و چالاکییەک کە لە چوارچیووەی بیری خۆیدا نەبێ، ئەوە سەرچاوەگرتوو لە بیرێکی دوژمنکارانەیە بۆیە هەوڵ دەدات سەرکوتیشی بکات.

پرسەکە ئەمەیە ڕێژیم هەموو چەشنە چالاکییەک بەتایبەت لە کوردستاندا، بە سیاسی دەبینێ، لە خاوێنکردنەوەی ژینگەوە هەتا وتنەوەی وانەی کوردی و باقی چالاکییەکانی دیکە، هەر بۆیە بە هێنانی گەڵاڵەیەکی لەم چەشنە دەیهەوێ چالاکییەکان کۆنتڕۆڵ بکات و بەخەیاڵی خۆی کۆمەڵگای کوردستان تووشی وەستان بکات.

ئەمە راستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە دامەزرانی دامەزراوە ناحکوومییەکان پێوەندی راستەوخۆی بەو ویستانەی کۆمەڵگاوە هەیە کە ڕێژیم هیچکات ئاوڕی لێ نەداونەتەوە، هەر بۆیە هیچ بەربەستێک ناتوانێ پێش بە تێکۆشانی چالاکانی ئەم بوارە بگرێت چونکە لە پشتەوەی ئەم چالاکییانەدا ئیرادەیەکی قایمی گۆڕان هەیە کە گەورەترین و بەهێزترین پاڵپشت بۆ بەردەوامبوونیانە.