کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات شانۆی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی ڕێژیمیان بایکۆت کرد

11:13 - 27 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژھەڵات بەنیسبەت شانۆی هەڵبژاردنەکان لە ئێراندا کۆ بووەوە و ئەو هەڵبژاردنانەی بایکۆت کرد.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژھەڵات سەبارەت بە شانۆی هەڵبژاردنەکانی ئێران

لاوانی شۆڕشگێڕ و نیشتمانپەروەری کوردستان!

کۆمەڵانی ئازادیخوازی كوردستان!

وەک ئاشكرایە، دەسەڵاتی خوێنڕێژی ڕێژیمی ئیسلامی بڕیاری بەڕێوەبردنی شانۆی هەڵبژاردنی مەجلیسی لە ۲ی ڕەشەمەی ۱۳۹٨ی هەتاوی، بە مەبەستی ڕەواییدان و بەردەوامی لە سەرکوت و هەڵخەڵەتاندنی خەڵک و جێبەجێکردنی مەرامە دژە ئینسانییەکانی بەرامبەر بە خەڵکی ستەملێکراوی ئێران و کوردستانی داوە.

دەسەڵاتدارانی ڕێژێمی تۆتالیتێری ڕێژیمی ئیسلامی بە بەستنی شانۆی هەڵبژاردنەکان لە وەها کاتێکدا زۆر بێشەرمانە بێڕێزی بە خوێنی شەهیدانی خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵی کوردستان و ئێران دەکەن کە بە تەقەی ڕاستەوخۆ لەسەر شەقامەکان و لە ژوورە تاکە کەسییەکان لەژێر ئەشكەنجەی جەلادەكانی ئەم ڕێژیمە گیانیان لەدەست داوە و پاش چەندین ڕۆژ تەرمەکانیان لە ڕووبار و بەنداوەکان دۆزرانەوە.

بێگومان دەسەڵاتداران لە ئێران، بۆ شاردنەوەی کردەوە قێزەونەکانیان، لەبەر چاوی ڕای گشتیی جیهانی و بۆ مانەوەی حوكمی لەرزۆكیان ڕێکاری زۆر هەڵخەڵەتێنەر و گوشاری جۆراوجۆر بە کار دەهێنن تا  شانۆی هەڵبژاردن بەڕێوە ببەن.

لاوانی شۆڕشگێڕی کوردستان!

هەروەک ئاگادارن ڕێژیم لە دۆخێکدا ئەم شانۆگەرییە بەڕێوە دەبات کە هەوڵی دا هەلی کوژرانی گەورە تێرۆریستی خاوەرمیانە "قاسم سلێمانی" و هێرشی کوێری مووشەکی بۆ سەر هێزەکانی ئامریکا لە عێراق بۆ گەرم ڕاگرتنی کورەی هەڵبژاردنەکان بەکار بێنێت. بەڵام "فۆبیا"ی پەرچەکرداری هێزەکانی ئامریکا و ترسی "هیستریکـ"ـی سپای پاسداران، بوو بە هۆکاری هێرشی مووشەکی بۆ سەر فڕۆکەیەکی مەدەنی لەلایەن سپا کە ئەویش قوربانی بوونی ۱۷٦ کەسی بێتاوانی لێکەوتەوە.

لاوانی تێکۆشەر و خوێندکارانی دەروەست!

دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێستای ئێران و کوردستان لە سایەی ڕێژیمی ئیسلامی و ماجەراجووییەکانی سپای پاسداران ئەستەمترین قۆناغی بۆ ژنان و لاوان پێک هێناوە، ژنان لە ئازادییە سەرەتاییەکانی خۆیان بێبەشن و لاوان و خوێندکارانیش بەهۆی ئەو دۆخە سەختەوە یان پەڕیوەی دەرەوەی وڵات بوون یان ڕوویان لە دیاردە سەخت و تاقەت پڕووکێنی وەکوو کۆڵبەری کردووە کە لەوێش بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم شەهید دەبن. بەو بەرچاو ڕوونییانەی کە هەموومان هەمانە، هەنووکە ڕێژیم دەیەوێت بە كەڵکوەرگرتن لە دەستوپەیوەندییەکانی خۆیان لە نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی دیكە، مەبەستیانە وا نیشان بدەن كە هەڵبژاردنەکانیان مەشروعن و بە بەشداری و دەنگی هاوڵاتییانی کوردستان و ئێران بەڕێوە چووە، هەر لەبەر سەرنەگرتنی ئەو پیلانەی دەسەڵات، پێویستە لاوانی كوردستان بەتایبەت و خەڵکی کوردستان بەگشتی، پیلان و پەیوەندییەکانی دەسەڵات لەقاو بدەن و ڕێگە نەدەن بە بەکارھێنانی ئەو کەسانە بازاڕگەرمی بۆ شانۆی هەڵبژاردن بكەن و تەمەنی دیکتاتۆری لە ئێران درێژتر بێتەوە.

گرینگە كە لاوانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، جەماوەر زیاتر لە مەترسییەکانی بەشداریکردن لە شانۆی هەڵبژاردنەکان ئاگادار بكەنەوە و هەوڵی جیددی و كاریگەر بدەن کە لە هەڵبژاردندا بەشداری نەکەن و نەبنە کەرەستەیەک بۆ ڕەواییدان بە سەرکۆت و ئەشکەنجە و ئێعدام و هیوادارین کە خەڵکی کوردستان وەک هەمیشە، وشیارانە بەرهەڵستی پیلانەکانی  ڕێژیمی ئیسلامی بن لە هەموو قۆناغێکدا و ئێمەش وەکوو لاوانی ڕۆژهەڵات لەنێو شۆڕشدا بایکۆتی ئەم سێناریۆیەی دەسەڵاتدارانی تاران دەکەین و بە دوور لە بنەماکانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دێموکراتی دەزانین.

لێژنەی هاوئاهەنگیی ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات

۲٦ی بەفرانباری ۱۳۹٨ی هەتاوی

۱٦ی ژانویەی ۲۰۱۹ی زایینی