کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە

16:36 - 17 رێبەندان 2720

ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات بەنیسبەت دەسبەسەرکرانەکان لە کوردستان، ڕفاندنی لاوان، ڕەشبگیرییەکان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لە کوردستان ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە و ڕێژیمی ئێرانیان مەحکووم کرد.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!

لاوانی شۆڕشگێڕ و خوڕاگری کورد!

لە ماوەی ڕابردوودا هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەکوو نەریتی هەمیشەیی خۆیان هەوسارپساو دەستیان کردووە بە ڕەشبگیری لە کوردستانی ئێران و بە دەسبەسەرکردن و ڕفاندنی لاوان، ئەمنییەت و ئاسایشی کوردستانیان ڕووبەڕووی مەترسیی جیدی کردووەتەوە.

ڕۆژانە چەندین لاوی کورد بێسەروشوێن دەکرێن و لە زیندانە نەهێنییەکانی ڕێژیم دەکەونە ژێر گۆشاری دەروونی و جەستەیی و ژیانیان لە مەترسی دایە.

شەپۆلی بە کۆمەڵ دەسبەسەرکردنی لاوانی کورد لەپێناو زاڵکردنی کەشی ترس و دڵەڕاوکی و هەروەها نائەمنکردنی کوردستان لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵات بەڕێوە دەچێت، چین و توێژی جۆراوجۆری کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی لەخۆ گرتووە کە بریتین لە چالاکانی مەدەنی، فەرهەنگی و ژینگەپارێزانی کوردستان.

بۆ کۆمەڵگای کوردی ڕوونە کە ئەم توێژانە لەپێناو پاراستن و گەشەی کۆمەڵایەتی ڕۆژهەڵات هەنگاو هەڵدەگرن، بەڵام ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە بێ لەبەرچاوگرتنی یاساکانی مافی مرۆڤ و بنەماکانی ئازادی کە لە ساختار و بناغەی ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەدا هەرگیز نەبیندراوە، بە تۆمەت و پەروەندەسازی و وەپاڵخستنی کەیسی سیاسی و ئەمنییەت، هەوڵی ناچالاک کردن و دروستکردنی دڵەڕاوکی لەنێو کۆمەڵگای کوردستان دەدات و هەروەها لە ڕێگای سینەمای بە زاهیر ئیسلامیکراو، هەوڵی ناشیرینکردن و چەواشەکردنی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد دەدات.

کۆمەڵانی وەزاڵەهاتووی خەڵکی کوردستان و نەتەوەکانی دیکەی نیشتەجێی ئێران!

پایە لەرزۆکەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە هەرگیز لە کوردستانی ئێران قایم نەبوون و هەنووکە کە کوردستان ترسی خستووەتە دڵی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی، هەر ئەو ترسەشە بووەتە هۆی ئەویکە ڕێژیم، بەردەوامیی و ئیرادە و خۆڕاگریی خەڵکی تێکۆشەری کوردستان بە تایبەت لاوانی دەرەوەست و ئازادیخواز، بە مەترسی لەسەر مانەوەی خۆی بزانێت.

بە تەواوت ڕوونە کە لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو کاتەوە کە کوردستان داگیر کراوە، لە بەرامبەر زەبر و زەنگ و شەڕی داسەپاو لەسەر وڵاتەکەیان بێدەنگ نەبوون و نابن، هەر بۆیە ئەو هەوڵانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی وەکوو هەمیشە هیچ ئاکامێکی دڵخوازی بۆ ڕێژیم نابێت و ناتوانن دەنگی مافخوازی و هەوڵ و تێکۆشان بۆ ئازادی لە کوردستان کپ بکەن.

ئێمە ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات، وەکوو هەمیشە ئەو کردوانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی مەحکووم دەکەین و ڕایدەگەیەنێن کە هاودەنگ و شان بە شانی خەڵکی تێکۆشەری و نەتەوەکانی دیکەی نیشتەجێ ئێران لە بەرامبەر ئەو هەوڵانەی ڕێژیم بێدەنگ نابین و دەبینە دەنگی هەموو تێکۆشەرانی ڕزگاریخواز لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات.

هەروەها لاوانی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە بە هەموو توانامانەوە شێلگیرانە هەوڵ دەدەین کە بە یەکگرتووییمان پاشەکشە بە ڕێژیم بکەین و بە تێکۆشانی فرە چەشنمان ڕێژیم لەو کردەوە دژە ئینسانیانەی پەشیمان بکەینەوە و ڕێگە نەدەین چیدیکە داگیرکەران بە کوشتن و بڕین و بەندیخانە وڵامی مافخوازی نەتەوەکەمان بدەنەوە.

لیژنەی هاوئاهەنگی ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات پێکهاتووە لە:

یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵەی لاوانی ڕۆژهەڵات

ڕێکخراوی لاوانی ئازادیی کوردستان

ڕێکخراوی لاوانی پێشڕەو

یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان