کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات کۆ بوونەوە

11:30 - 10 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: لە بنکەی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە مەبەستی تێکۆشانی ڕێکخراوەکانیان، هەروەها گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی کوردستان و کورد، کۆبوونەوەیەک بەڕێوەچوو.

ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی ٩ی خەزەڵوەر، شەش ڕێکخراوی تایبەت بە لاوانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە بنکەی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کۆ بوونەوە.

کۆبونەوەکە سەرەتا بە ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد و پاشان ڕێکخراوەکانی بەشدار بەمەبەستی ناساندنی تێکۆشانی ڕێکخراوەیی و چالاکییەکانیان، چەند وتەیەکیان پێشکەش کرد.

لە بڕگەی دووهەمی کاری کۆبونەوەکە، هەر کام لە ڕێکخراوەکان ڕا و بۆچونی خۆیان سەبارەت بە دۆخی کوردستان و کورد و ئێران لە هاوکێشەکاندا و دۆخی ناوچە و جیهان هێنایە گۆڕێ.

هەروەها شێوەکانی خەبات و مێتۆدەکانی شوناسخوازی لە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات و گەشەی هوشیاریی نەتەوەیی لەنێو لاوانی کورد، گفتوگۆیان لەسەر کرا.

دۆخی ئابووریی ئێران و باڵکشانی ئەو دۆخە بەسەر لاوان، خوێندکارانی کورد، بێکاریی لاوان و سیاسەتی بەسیستماتیک گیرۆدەکردنی لاوان بە ماددەی هۆشبەر لە ڕۆژهەڵات، لە تەوەرەکانی بەشی دووهەمی ئەم دانیشتنە بوون.

بڕگەی کۆتایی دانیشتنەکە تەرخان کرابوو بە شێوەی بەردەوامی کاری هاوبەش لەنێو ڕێکخراوەکاندا کە بڕیار درا لێژنەی هاوئاهەنگیی ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ بەستنی دووهەمین کۆنفڕانسی لاوانی ڕۆژهەڵات، کارا بکرێتەوە.

-  ڕێکخراوی لاوانی پێشڕەو

-  ڕێکخراوی کۆمەڵەی لاوانی ڕۆژهەڵات

-  ڕێکخراوی لاوانی ئازادیی کوردستان   RAK

-  ڕێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران

-  یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

-  یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان