کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکۆردی نوێی هەڵکشانی جۆری خواردەمەنییەکان لە کوردستان و ئێران

11:27 - 2 خەزەڵوەر 2721

بەپێی نوێترین ئاماری ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران بەرزبوونەوەی نرخی خواردەمەنی و خواردنەوەکان لە ١٢ مانگی کۆتایی بە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ بەنیسبەت هەڵاوسانی ساڵی ڕابردوو ٦١.٤ لەسەد بووە کە ڕێکۆردی نوێ لە هەڵاوسانی کۆی جۆری خواردەمەنییەکان بە ئەژمار دێت.

لەنێوان جۆری خواردەمەنییەکاندا، هەڵکشانی نرخی ڕۆن و چەورییەکان هەتا ٩٤ لەسەد بەرز بووەتەوە، هەروەها پەنیر، شیر و هێلکەش نزیک بە ٧١ لەسەد هەڵکشانی نرخیان هەبووە.

هەڵاوسانی ساڵانەی شتومەکە هەڵبژێردراوەکان و خزمەتگوزاری لە کوردستان و ئێران لە مانگی ڕەزبەردا بە ٤٥.٤ لەسەد گەیشتووە.

هەروەها ئاماری فەرمیی ڕێژیم هەڵکشانی کرێ خانووی لە ڕەزبەری ئەمساڵ بەنیسبەت مانگی وێکچووی ساڵی ڕابردوو زیاتر لە ٢٥ لەسەد بەراورد کردووە لە حاڵێکدا بانکی ناوەندیی ڕێژیم ئەو ژمارەیەی بۆ شاری "تاران" و دەوروبەری نزیک بە ٤٣ هەتا ٤٦ لەسەد هەڵسەنگاندووە و بەشێک لە میدیاکانی ڕێژیم باس لە هێندێک ناوچە دەکەن کە هەڵکشانی کرێ خانوو تەنانەت بە ٧٠ لەسەد گەیشتووە.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی خۆشگوزەرانی، کار و دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە خەرمانانی ١٤٠٠ هەتا ئێستا نزیک بە ٧٥ لەسەدی جۆری خواردەمەنییەکان وەکوو برنج، هێلکە، مریشک، شیرەمەنییەکان، ڕۆنی شل، بەشێک لە میوەکان و بەشێک لە دانەوێڵە، نیسک، قەند و چای دەرەکیی پێچراوە زۆر زیاتر لە ئاستی قەیراناویی نرخەکان دیاری کراون.