کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکۆردی نوێی ئێران لە بواری گەندەڵی ماڵییەوە

17:22 - 9 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: نوێترین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی "شفافیت بین‌الملل" دەری دەخات کە ئێران لە ساڵی ٢٠١٨دا لە نێو ١٨٠ وڵاتی جیهان لەبواری گەندەڵی ماڵی، پەرەدان و بەربەرەکانێ لەگەڵ گەندەڵی، پلەی ١٣٨ی جیهانی هەیە کە ئەمە دەرخەری خراپتربوونی دۆخی ئێران لە چەند ساڵی ڕابردووە.

ئەم ڕێکخراوە نێونەتەوەییە کە ساڵانە ڕاپۆرتێک سەبارەت بە دۆخی وڵاتانی جیهان بڵاو دەکاتەوە، لە ڕاپۆرتی ئەمساڵدا کەڵکی لە پێوەری گەندەڵی لە سفرەوە تاکوو سەد وەرگرتووە، بەو مانایە کە پێوەری سفری بۆ وڵاتانی زۆر گەندەڵ و پێوەری سەدیشی بۆ وڵاتانێک بەکار بردووە کە کەمترین ئاستی گەندەڵییان هەیە.

پێوەری ئێران بۆ ساڵی ٢٠١٨ بریتییە لە ٢٨ کە بەبەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠١٧ کە ٣٠ بوو خراپتر بووە؛ ساڵی ڕابردوو پلەی ئێران ١٣٠ و ساڵی پێشووتری ١٣١ بووە.

لە بەرامبەریشدا پلەکانی یەکەم تا شەشەمی ئەم ڕاپۆرتە وەبەر ئەم وڵاتانە کەوتووە: دانمارک، نیوزیلەند، فەنلاند، سەنگاپوور، سۆئێد و سویس؛ خراپترین وڵاتانیش لەم خشتەدا بریتین لە: سووماڵی، سووریە، سوودانی باشوور، یەمەن و کۆرەی باکوور.

ئەو وڵاتانەی کە هاوشێوەی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی پلەیان تۆمار کردووە بریتین لە: ئەفغانستان، عەرەبستان، عێراق و ڕووسیە!