کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکەوتننامەی تورکەمەنچای دووەم

17:58 - 6 گەلاوێژ 2720

سۆران شەمسی

ڕێکەوتننامەی ٢٥ ساڵەی ئێران و چین یان بەڵگەی ستراتیژیی ٢٥ ساڵەی ئێران_چین بە ناوی فەرمیی گەڵاڵەی ٢٥ ساڵەی هاوکارییەکانی هاوبەشی هەردووک لا کە ڕێککەوتنی نێوانیان بۆ تەرخانکردنی سەرمایەیەکی ٢٨٠_٤٠٠ میلیارد دۆلاری کە چینییەکان لە پیشەی نەوت و گاز و پێترۆشیمیی ئێراندا وەگڕی دەخەن.

بەشی بەرچاوی ئەو سامانەی چینییەکان لە ماوەی ساڵی یەکەمدا بەپێی ڕێکەوتننامەی ٢٥ ساڵیەکە بۆ پیشەی نەوت و گازی ئێران بە کار دەهێنرێت و ماوەی ئەم سامانە لە دواییدا بە گەڵالە و بەپێی ڕێککەوتنی دوو لایەنە لەلایەن "پەکێن" دەبێتە کردار.

حەسەن ڕووحانی سەرکۆمار، پێشنووسی کۆتایی گەڵالەی ٢٥ ساڵەی هاوکارییەکانی نێوان ئێران و چین لە ٣ی پوشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی هەڵسەنگاندنی بۆ کرد و واژۆی کرد، لەم دانیشتنەدا وەزارەتی دەرەوەی مەئموور کرد کە لە ماوەی کۆتایی دانوستانەکاندا لەگەڵ لایەنی چینی بەپێی بەرژەوەندیی دوو لایەن درێژماوە گەڵالەکە بە واژۆی هەردووک لایەن بێت. بەشێک لەو ڕێککەوتنە ستراتیژییە لە ڕەشەمەی ١٣٩٧ لەلایەن ئەندامێکی پارلمانی ئێران ئاشکار کراوە، بەشەکانی تریشی بە وردەکارییەوە سێپتامبەری ساڵی ڕابردوو لەلایەن وێبسایتی "پترولیم اکونومیست" ئاشکرا کرا، بەپێی ئەم سەرچاوەیە چینییەکان بەپێی ڕەزامەندیی هاوبەشی ئێران و چین ٢٨٠ میلیارد دۆلار لە پیشەی نەوت و گازی ئێران سەرمایەی بۆ تەرخان دەکات، هەروەها چینییەکان ١٢٠ میلیارد دۆلار لە بەستێنی گەشەی ژێرخانەکان لە بەرهەمهێنان و هاتوچۆ  و خزمەتگوزاری لە ئێراندا تەرخان دەکات کە بەشی زۆری بەرچاوی ئەم سامانە لە ٥ ساڵی یەکەمدا بەکار دەهێنێت و لە بەرامبەردا لایەنی چینی نەوت و گازی ئێران بە سی لەسەد داشکان و ماوەدار لە ماوەی دوو ساڵدا لە ئێران دەکڕێت و ئەم مامەڵەیە بە دراوی چینی یووان ئەنجام دەدرێت. دوو بەشی ڕەقەمی کڕین نەخت (نقد) دەبێت و بەشێکی بە شێوەی شتومەک و خزمەتگوزاری، بەپێی ئەم هەواڵە چینییەکان دەتوانن ٥٠٠٠ هێزی ئەمنیی چین بە ئامانجی پاراستنی سامانەکانی خۆی لە ئێران جێگیر بکات، هەروەها بەپێی ئەو ڕێککەوتنە چینییەکان لە هەموو پرۆژەیەکی ئێراندا پێشدەستن، "پترولیم اکونومیست" دەڵێت، سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێران لە تاران و پەکێن بەو ڕەزامەندییە گەیشتن کە ئەو ڕێککەوتنە هاوبەشە بۆ ئێران و چین بە ڕەقەمێکی ٤٠٠ میلیاردی دۆلاری واژۆ بکەن و چەندین ڕێککەوتنی نهێنیشی پێوە زیاد بکەن و دوو لایەن پێیان وایە کە پێویست ناکات هەموو ئەو ڕێککەوتنە بکەوێتە پێش چاوی گشتی.

بڵاوکراوەی "اویل ‌پرایس" کە بڵاوکراوەیەکی پسپۆڕی لە بواری نەوتدایە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، بەپێی بەشێک لەو زانیارییانەی دەستی کەوتووە لەو ڕێکەوتنانەمەیە دەڵێت جگە لە نەوت هاتوچۆی بارهەڵگرەکان و گەشەی کەرەستە و بونیاتەکانی نیزامیی ئێران دراوەتە دەستی چین، هەروەها فڕۆکە و کەشتییە نیزامییەکانی چین و ڕووس دەتوانن لەو بونیادانە سوود وەرگرن، بەپێی ئەم سەرچاوانە ئەم ڕێکەوتننامە ستراتیژییەی "اویل ‌پرایس" دەوڵەتی ڕووحانی بە ڕەزامەندیی خامنەیی ئەنجامیان داوە، خەیانەتێکی ڕاستەوخۆیە بە بەرژەوەندیی نەتەوەکانی ئێران، هەنگاوەکانی سەرەتایی ئەم ڕێککەوتنامەیە ساڵی ٢٠١٦ هەڵیان هێناوە و ئاشکرا بوون، بە لەبەرچاوگرتنی کڕینی نەوت و گازی چین بە سی لەسەدی شکان بە یووان دەیکڕێت (کە دۆلار ئەرزی نێو دەوڵەتییە) کە ئەمەش فێڵێکی دیکەیە کە ڕوون نییە ئەگەر ئێران بیەوێت شکایەت لە چین بکات لە دادوەرییە نێودەوڵەتیەکان گوێ لە ئێران بگرن، هەروەها ڕسوایی ئەم ڕێککەوتنە لەوەدایە لە سێب ەشی ئەو ڕەقەمە تەنیا دوو بەشی پارەی نەختە ئەوەی تر ناردنی شتومەک و جێبەجێکردنی کاری خزمەتگوزارییە و ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە چین دەیەوێت ئێران بکاتە ناوەندی بەرهەمهێنانی شتومەکە چینییەکان لە ناوچەکەدا و ئەوەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە بەرهەمهێنانی ناوخۆیی لە ئێراندا کز بێت و لە کۆتاییدا گەشەی سامانی بەرهەمهێنانی ئێران لەنێو دەچێت، هەروەها خەڵکی ئێران دەبێتە کرێکاری چینی، واتە ئەوان وەستا و ئێمە کرێکار، ئەم پرسەش لەو ڕێکەوتتنامەدا سەرشۆڕیترین خاڵە کە چین دەیەوێت ٥ هەزار هێزی ئەمنی بۆ پارێزگاری لە سامانەکانی جێگیر بکات.

خاڵی بەرچاوتریش ئەوەیە کە لە ماوەی ئەو ٢٥ ساڵەدا مافی وتو دراوە بە چین بۆ ڕەزامەندی یان ڕەتکردنەوەی هەر پرۆژەیەک کە ئێران پێشنیاری دەکات و بەو پێیە ڕوون و جێگای سەرنجە کە ئەو وڵاتە بێگانەیە دەیەوێت ئێران بچەوسێنێتەوە و هەر لەم ڕێگایەوە ڕێژێمی ئێران بڕیاری داوە جەزیرەی کیشیش بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ بدات بە چین و ئەوەش واتە تاڵانی کانزاکان و ئیستعماری ئێران کە ئەمەش خیانەتێکی ترە بە بەرژەوەندیی نەتەوەکانی ئێران. ئێستا پرسیار ئەمەیە، بە چ مافێک ڕێژیمی ئیسلامی بە بەستنی ئەم ڕێکەوتننامانە لەگەڵ چین خاکی پاکی وڵاتی ئێمە دەدات بە بێگانە، ئایا بەڕاستی ڕێژیمی ئێران پرس و ڕای بە نەتەوەکانی ئێران کردووە بۆ بەستنی ئەم ڕێکەوتننامانە گومان لەوەدا نییە کە ڕێژیمی ئیسلامی خاوەنی وڵاتی ئێران نین و نەتەوەکانی ئێرانیش لە وردەکارییەکانی ئەم ڕێکەوتنامانە ئاگادار نین و پێشم وا نییە نەتەوەکانی ئێران ئیزن بدەن کە ئەم خیانەتانە بەردەوام بن، داپۆشین و بێدەنگیی حاکمانی ئێران بۆ ئاشکارکردنی وردەکارییەکانی ڕێکەوتن نامەکە ئەوە دەگەیەنێت کە چین جگە لە چەوسانەوەی نەتەوەکانی ئێران چیتری ناوێت. ئەم ڕێکەوتنامە ٢٥ ساڵییە هەر بەڕاستی ڕێکەوتننامەی تورکەمەنچای دووەمە، بەو ڕێکەوتننامانەش ڕێژیمی ئیسلامی سەلماندوویەتی کە بەرژەوەندییە دەرەکییەکان گرنگترن لە بەرژەوەندیی نەتەوەکانی ئێران، هەروەها ئەوەش دەسەلمێنێت کە ئەم ئاخوندانە وڵات بە نرخێکی کەم دەفرۆشن و بەرژەوەندیی نەتەوەکانی ئێران فیدای ئایینزا و ئیدۆلۆژیکی خۆیان دەکەن، ڕێژیمی دز سالار بۆ ئەنجامدانی سەرکێشییەکانی خۆی لە ناوچە بە گەیاندنی سامان و لاوەکانی نیشتمانمان بە سووریە و عێراق و یەمەن و لوبنان و وڵاتانی دیکە بۆ یارمەتیدانی تاقمە مافیاکان و تێرۆریستان بەم شێوەیە گەنجینەی وڵاتەکەمانی بەتاڵ کردووە، ئێستا دەستی بە سواڵ کردووە لە ئاست وڵاتانی دەرەوە.

تاقم و گرووپەکان بۆ گەیشتن بە هێز تێدەکۆشن و هەرگیز گوێ بە ویست و پێداویستییەکانی خەڵک نادەن ئەوان تەنیا بەرژەوەندیی تاک و گرووپ و ئایدۆلۆژی خۆیان بۆ گرنگە و هەر بۆ ئەم مەبەستەش تێدەکۆشن لەگەل ئەوەی باش دەزانن ئەم ڕێکەوتننامەیە گرنگتر لەوەیە بیخەنە بەر باس، ئەوان تەنیا بۆ مەبەستی گەیشتن بە بەرژەوەندییەکانی خۆیان تەشەنە پێدەدەن، بە گەڵالەکردنی ئەم جۆرە گەڵالانە ڕێژیم ئامانجی ئەوەیە کانزاکانی نەتەوەکانی ئێران بە تاڵان بچێت بۆ گیرفانی چین چون دەزانێت چین یەکێک لە ئەندامانی شورای ئەمنی نێونەتەوەییە و مافی ویتۆی هەیە و دەتوانێت پشتیوانی لە ئێران بکات لەسەر بابەتی کێشە ناوچەییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، ئەرکی سەرشانی ئێمە ئەوەیە بوێرانە و شلگێرانە ڕووبەڕووی ئەم جۆرە ڕێکەوتننامانە بووەستین و پارێزگاری لە وڵاتەکەمان و میراتە مێژووییەکانی و کانزا سروشتییەکانی بکەین و پێشی چەوسانەوەی زیاتری خەڵکی وڵاتەکەمان بگرین، هەموو دڵسۆزانی وڵات بە هەموو چین توێژەکانیەوە گرووپی یان تاک چ ئەوانەی کاری فەرهەنگی و سیاسی یان زانستی دەکەن دەبێ هەست بە بەرپرسیارەتی بکەن و یەکگرتووانە دژی بووەستنەوە، دەبێ دەنگی نەتەوەکانی ئێران بە گوێی خەڵکی جیهان بگەیەنین و چەوسێنەران دەبێ بزانن ئەم جۆرە شەرمەزارییە قەبووڵ ناکەن و لێی بێدەنگ نابن، دەبێ وڵاتی چین بزانێت ئێران لەرزۆکە و لە حاڵی ڕووخاندایە و نابێ پشتگیری لێ بکا و دەبێ تێی بگەیەنین کە ئەو وڵاتە خاوەنی هەیە و خاوەنەکەشی نەتەوەکانی ئێرانە نەک ئاخوندەکان و بە دوور نییە  حکوومەتێکی دێموکراتیک و نەتەوەیی بێتە سەر کار و تەواوی ئەو ڕێکەوتننامە پڕ لە شوورەییانە هەڵوەشێنێتەوە، ئێرانی داهاتوو بە چاوێکی دۆستانە دەڕوانێتە هەموو نەتەوەکان و حاکمەکان و حکوومەتەکانی جیهان و پەیوەندیی بازرگانی و فەرهەنگی و وەرزشی و سیاسی خۆی لەگەڵ هەمووان پتەو دەکات لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی دوو لایەنە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.