کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێککەوتنی کاتیی ئاژانس لەگەڵ ڕێژیمی ئێران چەندین هەڵوێستی لێکەوتەوە

12:56 - 5 رەشەمه 2720

دوای ئەوەی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی لەگەڵ بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لەسەر ئەوە ڕێک کەوتن کە هەتا ٣ مانگی داهاتوو ڕێژەی چاوەدێریی ئاژانس لەسەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران هەتا ئاستێک کەم دەبێتەوە، کاردانەوەی زۆر لایەنی بەدواوە بوو.

''یێنس ئێستولتنبێرگ'' سکرتێری گشتیی ناتۆ لە وتووێژێک لەگەڵ کاناڵی ''سی ئێن ئێن'' باسی لەوە کرد، ئەوەی کە زۆرتر بووەتە هۆکاری نیگەرانیی ڕێکخراوی ناتۆ، مەودای کەمی دەستپێڕاگەیشتنی ڕێژیمی ئێران بە چەکی ناوکییە.

ناوبراو لەسەر پێویستیی سنووردارکردنی بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران جەختی کردەوە.

لەلایەکی دیکەوە ''جۆزپ بورێل'' نوێنەری باڵای یەکیەتیی ئورووپا لە سیاسەتی دەرەوە و کاروباری ئەمنییەتی، لەسەر پێویستیی گەڕانەوە بۆ بەڕێوەبردنی بەڵێنییەکانی بەرجام لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە جەختی کردەوە.

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی فەرانسە وتوویەتی کە وەزیرانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا بەنیسبەت ئەم ڕێککەوتنەی ئێستای ئاژانس لەگەڵ ئێران نیگەرانییان دەربڕیوە.

بەپێی گەڵاڵەی پەسەندکراوی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، بڕیار بوو ڕۆژی ٥ی ڕەشەمە، لە ئەگەری لانەبردنی گەمارۆکان لەلایەن ئامریکاوە، ڕێژیمی ئێران چاوپۆشی لە بەڵێنییەکانی بەرجام بکات و ڕێگا نەدات پشکێنەرانی ئاژانسی وزەی ناوکی چاوەدێری بەسەر دامەزراوە ناوکییەکان بکات، هەروەها لە پرۆتۆکۆلی پەیوەستکراو بە قەدەغەکردنی پەرەپێدانی چەکی ناوکی بێتە دەرەوە.

بەڵام دوای سەردانی ڕۆژی شەممەی "ڕافائێل گرۆسی" سەرۆکی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی بۆ تاران بە شێوەی کاتی ڕێک کەوتن کە هەتا ٣ مانگی داهاتوو چاوەدێرییەکانی ئاژانسی وەزەی ناوکی لە ئاستێکی کەمدا بمێنێتەوە.

نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران ئەم ڕێکەوتنەیان بە دژی یاسا ناو لێ برد و داوایان کرد کە ئەم ڕێککەوتنە کاتییە هەڵبووشێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە ''عەلی خامنەیی'' ڕێبەری ڕێژیمی ئێران ڕۆژی دووشەممە ٤ی ڕەشەمە باسی لەوە کردبوو، بۆ بەرەوپێشچوونی بەرنامەی ناوکی یان کارێکی دیکە ئەگەری هەیە کە ئاستی پیتاندنی ئورانیۆم بۆ ٦٠ لەسەد زیاد بکەین.

ئەو قسانەی خامنەیی لە حاڵێکدایە کە وڵاتانی ڕۆژئاوایی دەیان جار بەنیسبەت پیتاندنی ئورانیۆمی ٢٠ لەسەدی لەلایەن ڕێژیمەوە هۆشداریی توندیان دابوو.