کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێگاکانی مەرگ و کوشتنی بەئەنقەست

23:13 - 5 بانەمەڕ 2722

هێمۆ

ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە ئێران و کوردستان بابەتێکی تازە نین، ڕۆژانە و هەفتانە چەندین هەواڵ و ڕاپۆرتی پێوەندیدار بە گیان لەدەستدانی هاووڵاتیان لە جادەکانی مەرگدا دەبیستین و زۆرجاریش شێوازی ڕووداوەکان ئەوەندە دڵتەزێنە کە ڕەنگە بۆ مانگ و ساڵیش لە بیرمان نەچێتەوە.

بەڵام هۆکاری ئەم هەموو ڕووداوی هاتوچۆیە چییە؟ بۆچی ئەم کێشەیە چارەسەر نابێت و ئەم ڕەوتە تا کەی بەردەوام دەبێت؟

بەپێی ئامارەکانی خودی ڕێژیمی ئێران، لە ماوەی ٢٠ ڕۆژ پشووی نەورۆزیی ئەمساڵدا، واتە لە ٢٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوییەوە هەتا ١٥ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی،  زیاتر لە یەک هەزار و ١٠٠ کەس بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە لە ئێراندا گیانیان لە دەست داوە.

بە وتەی سازمانی پزیشکی دادوەریی رێژیمی ئێران، ئاماری ڕووداوەکانی هاتوچۆ بۆ ئەو ماوە دیاریکراوە لە ساڵی رابردوودا، ١٠٣٣ کەس بووە کە ئەمە بە واتای بەرزبوونەوەی ٦٨ لەسەدیی ئاماری کوژراوانی ڕووداوەکانی هاتوچۆیە!

ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە دوو بوارەوە خەساریان بە دواوەیە، لایەنێک ئەو خەسارە مەعنەوییەیە کە بە کۆمەڵگا دەگات؛ بە گیان لەدەستدانی مرۆڤەکان کۆمەڵێک سەرمایەی مرۆیی باش تێدا دەچن کە دەتوانن بۆ داهاتووی کۆمەڵگا زۆر بە قازانج بن، بەڵام لایەنی دیکە، خەساری مادییە کە  ساڵانە بە ڕێژەیەکی بەرچاو کاریگەریی لە سەر لایەنی ئابووری دەبێت و ئەمەش خەسارگەلی دیکە بە دوای خۆیدا دێنێت.

بە وتەی بەرپرسی پۆلیسی راهوەر، هەر ڕووداوێکی هاتوچۆ کە ببێتە هۆی گیانلەدەستدانی هاووڵاتییان، لە ساڵدا ٥.٤ میلیارد تمەن خەسار بە وڵات دەگەینێ کە ئەمە جیا لەو خەسارانەیە کە لە دوای ڕووداوەکان بەرۆکی قوربانیان دەگرێت و تا کۆتایی تەمەنیشیان لەگەڵیان دەمێنێتەوە.

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی وەک هەمیشە و بۆ پاساوهێناوە بۆ کەمتەرخەمی و نابەرپرسایەتییەکەی خۆیان تاوانەکە دەخەنە ئەستۆی خودی خەڵک و دەڵێن کە هۆکاری سەرەکیی ئەم ڕووداوانە، هەڵەی ئینسانی و کەمتەرخەمیی خودی خەڵکە، ئەمە لەحاڵێکدایە کە بەپێی راپۆرتە نافەرمیی و ئەڵبەتە درووستەکان ناستانداربوونی ماشینەکان و خودی ڕێگاوبانەکان لە سەرەکیترین هۆکارەکانی ڕوودانی ئەم ڕووداوانەن تا ئەو جێگایە کە خودی وڵاتی ئێران لە ڕیزبەندی یەکەمین وڵاتەکانی جیهان لە بواری ڕووداوەکانی هاتوچۆدا جێگا دەگرێت.

خاڵی جێگای سەرنج ئەوەیە کە بە وتەی خودی بەرپرسانی رێژیم، زیانێک کە شرکەتە بیمەییەکان بەنیسبەت ڕووداوەکانی هاتوچۆ دەبێ بیدەن، زیاترە لەو بودجەیەی کە بۆ نۆژەنکردنەوە و چاکسازی لە رێگاوبانەکاندا تەرخان کراوە، بە واتایەکی دیکە ئەگەر گەندەڵی و دزیکردنی بەرپرسانی ڕێژیم لە پرۆژەکانی تایبەت بە نۆژەنکردنەوەی رێگاوبانەکان کۆتایی پێ بێت، رێژەی ڕووداوەکان بە جۆرێک کەم دەبێتەوە کە چیدیکە خەساری ئابووریی وا نە بەر خەڵک دەکەوێت و نە شرکەتە بیمەییەکانیش.

بەڵام ئەمە هەمووی بابەتەکە نییە، زۆر کەس هەن کە لە ڕووداوەکانی هاتوچۆدا بەشێک لە جەستەیان لە دەست دەدەن یان ئەوەی کە بەگشتی توانایی کار کردن و دابینکردنی بژێوی ژیانیان نامێنێ، هاوکات لەگەڵ ئەمەش گرانبوونی ویزیتی پزیشکان و هەروەها نرخی دەرمان و چارەسەری پزیشکیش دەبێتە بەربەستێکی گەورە لە سەر ڕیگایان و ئەمەش کاریگەریی نەرێنی و زۆر توندی لە سەر ڕەوتی ژیانیان دەبێت.

بەڵام بابەتێکی دیکە کە هەیە ڕێژەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە کوردستانە! رێژیمی ئاخوندی لە سەرەتای هاتنە سەرکارییەوە نەک هیچ خزمەتگوزارییەکی بەنیسبەت کوردستان و بۆ خەڵکی کوردستان بە ڕەوا نەبینیوە بەڵکوو بە دیاریکردنی گەندەڵترین بەرپرسان و ناشارەزاترین ئەندازیار و بەرپرسانی پێوەندیدار، بەشێوەیەکی سیستماتیک و ئاگاهانە خەریکی درووستکردنی ڕێگاکانی مەرگ لە کوردستانە! ساڵ نییە کە لە کوردستاندا بە سەدان کەس لە خەڵک لە رێگاکانی هاتوچۆدا تووشی ڕووداوی دڵتەزێن نەبن و گیانیان لە دەست نەدەن. لە وەرگەڕانی مینیبووس و کوژرانی خەڵکەوە بگرە هەتا پێکدادانی نێوان ماشینەکان کە بێگومان زیاترین ڕێژەی ئەم ڕووداوانە بەهۆی ناستانداربوونی ڕێگاوبانەکان و هەروەها ناشارەزابوونی پێرسۆنێل و ئەندازیارەکانی ئەم کەرتەیە. بڵێی کۆماری ئیسلامی ئەم هەموو ڕووداوەی نەدیبتێت و ئەم هەموو زیانە مادی و مەعنەوییەی هەست پێ نەکردبێ؟

هەندێک لە ڕێگاکانی کوردستان ساڵانە سەدان قوربانی دەگرن، ساڵ لە دوای ساڵیش بەرپرسان بەڵێنی چراەسەرکردنی کێشەکە دەدەن بەڵام کاتێک باس لە کوردستان و خەڵکی کوردستانە، دزین و تاڵانکردنی بودجەی تەرخانکراو دەبێتە  ئەرکی سەرشانیان و بە جێبەجێکردنی پرۆژەی پڕ لە هەڵە و ناشارەزایانە و ئەڵبەت بەئەنقەست، ڕێگاکە بۆ چوونە نێو دڵی مەرگ بۆ خەڵكی کوردستان ئامادە دەکەن.

ئەمە ئەو کەتوارەیە کە دەبێ سەرنجی بدرێت، هەتا کاتێک کە کۆماری ئیسلامی و ڕێژیمە گەندەڵەکەی لە سەر کار بێت و هەتا کاتێک کە سامان و سەرمایەی گشتی وەکوو سامانی تاکەکەسی چاوی لێ بکرت، هەتا کاتێک کە دەسەڵاتی تاران، کوردستان بە مەترسی بزانێت، ڕەوتی دواکەوتوو هێشتنەوەشی هەر بەردەوام دەبێت و بێگومان هەموو ڕێگاکان دەبنە ڕێگای مەرگ بۆ ئەوەی کە ڕێژیم بە ئامانجە گڵاوەکانی بگات.