لاوانی ژینگەپاریز و نیشتماندۆستی جوانڕۆ بۆ ڕێزگرتن لە یاد و ناوی شەهیدانی ژینگەی پاوە ڕێپێوانێکیان تا سەر گڵکۆی شەهیدان بەڕێوە برد.
شەوی ١٣ لەسەر ١٤ی پووشپەڕ، لاوانی نیشتماندۆستی جوانڕۆ بە مەبەستی بەرزڕاگرتنی یاد و ناوی شەهیدانی ژینگەی ناوچەی "بۆزین و مەرەخێڵ" کە لە ئاگری دارستانەکانی ئەو ناوچەیەدا شەهید بوون، ڕێپێوانێکیان لە ڕێگای نیوان "جوانڕۆ" تا "نەوسوود" بەڕێوە برد.
مەودای ئەو ڕێگایە نزیکەی ١٠٠ کیلۆمیتر دەبێت کە لاوانی ژینگەپارێزی جوانڕۆ بە مەبەستی سەردانی بنەماڵەی شەهیدان و پێشکەشکردنی لەوحی ڕێزلێنان بۆ بەرزڕاگرتنی گیانبازییان، پێوایان.
مەبەستی کۆتایی ئەوان لەو ڕێپێوانەدا گەیشتنە سەر گڵکۆی شەهیدانی ژینگە، بەتایبەت گڵکۆی شەهید "موختار خەندانی" بوو.
پاش شەهیدبوونی ٣ ژینگەپارێزی پاوە، شەهیدان "موختار خەندانی"، "بیلال ئەمینی" و "یاسین کەریمی"، خەڵکی شارەکانی کوردستان ڕێز و ئەمەگداریی خۆیان بە شێوازی جیاواز بۆ فیداکاریی شەهیدانی ژینگە نیشان داوە.
ڕێژیمی ئێران لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا و پاش بینینی کاردانەوەی زۆری ئەو کارەساتە لەنێو خەڵکی کوردستاندا، گوشارێکی زۆری خستە سەر بنەماڵەی ئەو شەهیدانە.